گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارەی گەنم

پشکى هەرێم لە کڕینەوەى گەنم لە عێراق دیاری کرا

2021.06.14 - 18:56
App store icon Play store icon Play store icon
پشکى هەرێم لە کڕینەوەى گەنم لە عێراق دیاری کرا

ناس کورد-
وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیی هەرێم ڕایگەیاند، حکومەتى عێراق بۆ ئەمساڵ بڕی 375 ھەزار تۆن گەنم لە جوتیارانى هەرێم وەردەگرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، پاش ئەوەی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم کۆبونەوە بڕیاردراوە بۆ ساڵی 2021 بڕی 375 هەزار تەن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگیرێت.

 

وتیشى، بۆ ئەو مەبەستە سایلۆکانی هەرێم ئامادەکارییان کردووە بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمە لەجوتیاران.

 

جگە لە ڕادەستکردنى ئەو بڕە گەنمە بە بەغدا، بۆ ئەمساڵ وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم میکانیزمێکى دیکەى خستووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە بۆ ئەوەى سەرجەم گەنمى جوتیاران وەربگیرێت.

 

سەرەتاى ئەم مانگە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بڕیاریدا بەدیاریکردنی نرخی کڕینەوەی گەنمی جوتیاران لە دەرەوەی پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لەلايەن عيراق، لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان، بەپێی گرێبەستێک کە ئەنجامیداوە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان.

 

بەپێی فەرمانێکی وەزاری ژمارە سێ هەزار و 750 کە لە ڕێکەوتی 6ی حوزەیرانی 2021 بە واژۆی بێگەرد تاڵەبانی دەرچووە، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو کۆمپانیای قەیوان و خۆشناو لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، نرخی کڕینەوەی گەنمی جوتیاران بۆ ئەم ساڵ دیاریکراوە.



بەگوێرەی گرێبەستەکە، نرخی وەرگرتنی جوتیاران بەمشێوەیە دیاریکراوە:

- نرخی تۆنێک گەنمی پلە یەک = 475.000 دینار
- نرخی تۆنێک گەنمی پلە دوو = 400.000 دینار
- نرخی تۆنێک گەنمی پلە سێ = 325.000 دینار



ئەوە لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق نرخی گەنمی جوتیارانی بەمشێوەیە دیاریکردووە:

- نرخی تۆنێک گەنمی پلە یەک = 610.000 دینار
- نرخی تۆنێک گەنمی پلە دوو = 530.000 دینار
- نرخی تۆنێک گەنمی پلە سێ = 470.000 دینار


لەو بارەیەوە حسێن حەمەکەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئەم پڕۆژەیە بەدەرە لەو بڕە گەنمەی کە ساڵانە حکومەتی عێراق لە جوتیارانی هەرێمی وەردەگرێت، ساڵ هەبووە یەک ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم هاتووە لە هەرێم، بەڵام حکومەتی عێراق 300 هەزار تۆن گەنمی وەرگرتووە، بۆیە ئەم پڕۆژەیە دروست کراوە بۆ بە بازاڕکردنی ئەو بڕە گەنمەی دیکە."