گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

کۆتا وادە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا دیاری کرا

2021.06.14 - 09:40
App store icon Play store icon Play store icon
کۆتا وادە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا دیاری کرا

 ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەم مانگە کۆتا دەرفەتە بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا و لەبارەی ئەوەشی کە بەغدا پارە بۆ هەرێم دەنێرێت یاخود هەرێم بۆ بەغدا ڕوونکردنەوە دەدات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (دووشەممە 14ی حوزەیرانی 2021) بە "دەنگی ئەمەریکا"ی ڕاگەیاند، "لە 1 – 4ی ئەمساڵەوە یاسای بودجە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن، بەداخەوە تائێستا ئەوەی کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە جێبەجێ نەکراوە، تەنانەت لە بەغدادیش ئەوەی کە جێبەجێکراوە تەنها بریتییە لە موچە و هەندێک ئیش و کاری ڕۆژانە."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، " پێشبینی ئەوە دەکەین کە بۆ ئەم مانگە ڕێککەوتنەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەم مانگە جێبەجێ نەکرێت واتە نیازی جێبەجێکردنیان نییە ئەوکاتە دەبێت بەدواداچوون بکەین بزانیین کەموکوڕی لەکام لایە ئایا کەموکوڕی لە هەرێمی کوردستاندایە یان لە بەغدادایە."

 

سەبارەت بە کێشەکانی بەردەم ڕێککەوتنەکە، میرزا باسی لەوەکردووە، " مەسەلەی پابەندبوون هەمووی حساباتە لەبەرئەوەی ڕادەستکردنی نەوتی تێدا نییە تەنها حساباتە بەڵام ئایا تائێستا میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دیارنییە لەلایەن هەردوو حکومەتەوە کە لەسەر چی ڕێکدەکەون ئایا مەقاسە دەکەن؟ ئایا دوو حسابی جیا دەکەنەوە یان بەپێی تەسویەی قیدی دەیکەن؟ واتە هەمووی ژمارەیە ئەوە نییە هەرێم پارە بنێرێت بۆ بەغداد و بەغدادیش پارە بنێرێتەوە بۆ هەرێم تەنها ئەوەی هەیە تەسویەی حساباتە، تەسویەی قیدیە بەڵام تائێستا بۆ ئەوەیان نەکردووە لەڕاستیدا ئێمەش نازانیین بۆیە دەڵێم دەبێت بەدواداچوون بکەین."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "جێبەجێکردنی میکانیزمی ڕێککەتنەکە پێویستی بە یەک کاتژمێر و یەک ژمێریاری زیرەک هەیە، یەک بڕیاری دەوێت ئەگەر هەرێم و بەغدا نیەتی جێبەجێکردنیان هەبێت."

 

شیروان میرزا جەختیشی کردووەتەوە، " بەبڕوای من ئەم مانگە دوادەرفەتی ئەوەیە چاوەڕێ بکەین چونکە ئەمە پێویستی بە زۆر هاتن و چوون نییە و هیچ گرفتێکی تێدا نییە، وەکو باسمکرد لە سێ حاڵەت بەدەر نییە یان مەقاسە دەکەن یان دوو حسابی جیا یان بە تەسویەی قەیدی دەیکەن، یەک بڕیاری دەوێت ئەگەر هەردوولا نیەتی جێبەجێکردنیان هەبێت ئەم مانگە جێبەجێ دەکرێت، پێویستی بە یەک کاتژمێر هەیە و ژمێریارێکی زیرەک بە یەک کاتژمێر هەموو ئەم حساباتانە دەردەهێنێت بۆیە چاوەڕێ دەکەین ئەم مانگە ئەگەر جێبەجێ بکرێت واتە نیازی جێبەجێکردنیان هەیە."

 

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ڕوونیکردووەتەوە، " دەبێت هەردوولا حساب بکەن ئیلتزاماتی هەرێمی کوردستان لە نەوتی و نانەوتی بەرامبەر بەغدا چەندە، پشکی هەرێمی کوردستان بەپێی ئینفاقی ڕاستەقینە چەندە، ئەم دوو ژمارەیە لێک دەردەکەن، بۆیە ناکرێت بڵێین دەبێت هەر بەغداد پشک بنێرێت یان پارە بنێرێت، بەڵکو دەبێت هەردوولا ڕێککەوتن بکەن لەسەر چۆنیەتی حسابکردنەکەی لەکۆتایدا کە ژمارەیەک دەرچوو هەرکام لایان پارەیان نارد واتە ڕێککەوتنەکە جێبەجێکراوە، بەڵێ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هەرئەوەندەیە."

 

لەبارەی ئەوەی دەبێت هەرێمیش پارە بۆ بەغداد بنێرێت؟، شێروان میرزا باسی لەوەکردووە، " لەحاڵەتێکدا ئەگەر هەرێمی کوردستان قەرزاری بەغدا بوو، ئێستا هیچ دیار نییە چونکە دەبێت حسابی ئەوە بکەین ئینفاقی ڕاستەقینە هەرێمی کوردستان چەندە لەمانگی لەمانگی (1،2،3،4،5) حساب بکەین و پابەندبوونی هەرێمیش کە دەبێت بەرامبەر بەغداد بیدات چەندە دوایی دەردەکەوێت ئەمە ئیشی وەزارەتی دارایی و ئیشی وەزارەتی نەوت و ئیشی دیوانی چاودێری داراییە دەبێت ئەوان لەکۆتایدا پێمان بڵێن بەپێی نەفەقات و داهات ئەم ژمارەیە دەردەچێت."