گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پارتی و یەكێتی دابەشبوونەكانیان دەبەنە بەغدا

2021.06.12 - 22:22
App store icon Play store icon Play store icon
پارتی و یەكێتی دابەشبوونەكانیان دەبەنە بەغدا

ناس كورد_

پاش نزیكبوونەوەی پارتی و سەدرییەكان، شاندێكی باڵای یەكێتی ئاراستەی داهاتووی هاوپەیمانێتی خۆیان لەگەڵ باڵەكەیتری شیعە كە هاوپەیمانێتی فەتحە ڕاگەیاند، بەم پێیەش بۆ یەكەمجار لەپاش 2005 هێزە حوكمڕانەكانی كوردستان بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەسەر دوو جەمسەری هێزی جیاوازدا دابەش ببن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی "ناس كورد" هاوپەیمانێتی سەدر و پارتی كە دوجار گەیشتە دیداری لوتكە لەنێوان شاندێكی باڵای سەدر و مەسعود بارزانی لەچوارچێوەی پلانێكی سەدرییەكاندایە كە ناویان ناوە "هاوپەیمانێتی بەهێزەكان"، ئەم هاوپەیمانێتییەش  بەهیوای كۆنترۆڵكردنی جومگە سەرەكییەكانی قۆناغی داهاتووە كە سەرۆكایەتی كۆمار و وەزیران و پێكە باڵاكانی دەوڵەتی عێراق لە خۆدەگرێت، ئەم هاوپەیمانێتییە كە شۆڕ نابێتەوە بۆدروستكردنی لیستی هاوبەش، بەڵگە ئامادەكارییە بۆ پاش هەڵبژاردنی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ (2021)، وەها دەناسرێت كە ڕكابەری هاوپەیمانە نزیكەكانی ئێران دەبێت كە هێزەكانی حەشدی شەعبییە، بەوپێیەی هەم سەدر و هەم پارتی هەریەك بەشێوازی خۆیان لەگەڵ میلیشیا چەكدارەكانی شوێنكەوتەی ئێراندا كێشە و هەندێك ناكۆكییان هەیە، كە دواترینیان لەسەر ئاستی كوردستان هێرشكردنە سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و ڕێگریكردنە لە گەڕانەوەی پارتی بۆ بنكە و بارەگاكانی خۆی لە شاری كەركوك.

 

لێدوان و هەڵوێستە سیاسییە راگەیەنراوەكانی ڕۆژانی رابردوو، ئەوە دەردەخەن، كە هاوپەیمانێتی یەكێتی و هاوپەیمانێتی فەتح بەسەرۆكایەتی هادی عامری، پشت ئەستوورە بەمێژووی پەیوەندییەكانی هەردوولا كە سەرۆك تاڵەبانی نیشانەیەكی دیارە تێیدا. بەدوای ڕاگەیاندنی ئەم هاوپەیمانێتییەشدا یەكێتی لەزاری بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكییەوە كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵحی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار راگەیاند، ئەمەش خواستی ئەم هێزە دەردەخات بۆ پارێزگاریكردن لەم پێگەیە كە چوار خولی دەستوری و پێشتریش خولێكی ڕاگوزەر پشكی یەكێتی بووە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا.

 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، د. شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (شەممە 12ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لە کۆبوونەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لایەنە سیاسییەکانی عێراق پەیامی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دراوەتە سەرجەم لایەنەکان کە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی یەکێتییە و سوورین لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لەدوای هەڵبژاردنەکان." 

 

وتیشی، "ئەوەش بە لایەنەکان وتراوە کە د. بەرهەم ساڵح، جارێکی دیکە کاندیدی یەکێتی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و بە فەرمی کاندیدی یەکێتییە و لایەنەکان هیچ هەڵوێستێکی سلبیان لەوبارەیەوە نەبوو." 

 

جگە لە هێزەكانی حەشد یەكێتی لەسەر ئاستە شیعی و عێراقییەكەی پەیوەندی لەگەڵ ڕەوتی حیكمەش بردووەتەپێش كە لەسەر میانڕەوە شیعەكان ئەژمارە، جگە لەوەش یەكێتی لەسەر میحوەری سلێمانی ئەژمارە كە نزیكایەتی لەگەڵ ئەو بازنە شیعییە هەیە كە هەندێكیان لەگوتاری سیاسی خۆیاندا هەولێر بە بنكەی مۆساد و لانكەی مەترسی وێنا دەكەن لەسەر ئاسایشی عێراق و جۆرێك لە پەسەندییان بۆ سلێمانی هەیە كە مۆدێلێكی سیاسی بڕێك جیاوازترە بەوپێیەی لەڕووی سیاسییەوە هێزیتری جیاوازی تێدایە، بەپێچەوانەی ئەوەشەوە پارتی زیاتر لەو هێزە سوننانە نزیكە كە لە نەینەوا و سەلاحەدین و ئەنبار خەونی دروستكردنی هەرێم و خۆرێبەری لە چەشنی هەولێریان هەیە.

 

هەندێك لە چاودێران پێیانوایە، ئەم دابەشبوونەی پارتی و یەكێتی لەسەر ئاستی عێراق بەر لەهەڵبژاردن و بەدوایدا هێزە سیاسییە كوردییەكانیتر كە یەكەمجارە لەدوای 2005 ڕووبدات، ئەگەرچی هاوشێوەی دابەشبوونەكانیتری شیعە و سوننەیە و نامۆ نییە بەدۆخی سیاسی ئێستای عێراق، بەڵام لەسەر ئاستە كوردییەكەی مەترسی ئەوە دروست دەكات كە هێزە كوردییەكان لەخاوەن پرسێكی نەتەوەییەوە بگۆڕێن بۆ لیستێكی هەڵبژاردن لە گەمەی ژمارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو لەكاتێكدا وەك ژمارە هەمیشە كورد بەكەمینە دەمێنێتەوە لەكۆی 329 كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران.