ناس کورد-
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی ئاشکرای کرد، لە سەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی باڤڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی حیزبەکەیدا بۆ بەغدا، بەوردی پرسی سەرۆک کۆماری لەگەڵ لایەنەکان باسکردووە و جەختی لەوەکردووە کە سورن لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و هەر د. بەرهەم ساڵح-یش پەیامی حیزبەکەی بەگوێی لایەنەکاندا داوە، بەوەی سورن لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەردانێکی چەند ڕۆژەی بۆ بەغدا ئەنجامدا و تیایدا لەگەڵ زۆرینەی بەرپرسانی باڵای لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبووەوە.
د. شێرکۆ میروەیس، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە ئەندامی شاندەکەی یەکێتی بوو، (شەممە 12ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لە کۆبوونەوەکاندا پەیامی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دراوەتە سەرجەم لایەنەکان کە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی یەکێتییە و سوورین لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە لەدوای هەڵبژاردنەکان."
وتیشی، "ئەوەش بە لایەنەکان وتراوە کە د. بەرهەم ساڵح، جارێکی دیکە کاندیدی یەکێتی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و بە فەرمی کاندیدی یەکێتییە."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنەکان لەسەر ئەو ویستەی یەکێتی و کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە، ئاماژەی بەوەکرد، "لایەنەکان هیچ هەڵوێستێکی سلبیان لەوبارەیەوە نەبوو."
شێرکۆ میروەیس باسی لەوەشکرد، "ئەوە بووەتە بنەما لە عێراق کە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ کورد، پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سونەیە، ئەو مقۆمقۆیانەشی سەبارەت بە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە کورد دروستبوون پەیوەندی بەنزیکبوونەوە لەهەڵبژاردنەوە هەیە."