گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڵام چۆن هاتە دەرەوە؟

ڕاوچییەک چیرۆکی چۆنیەتی قوتدانی لەلایەن نەهەنگێکەوە دەگێڕێتەوە

2021.06.12 - 15:38
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاوچییەک چیرۆکی چۆنیەتی قوتدانی لەلایەن نەهەنگێکەوە دەگێڕێتەوە

ناس کورد-

مایکڵ باکارد کە ڕاوچییەکی ئەمریکییە لە ویلایەتی ماساچوستس دەڵێت، کاتێک لەناو ئاودا بووە نەهەنگێکی گەورە قوتی داوە و خۆی لەناو دەمێکی گەورە و تاریکدا بینیوەتەوە، بۆ ماوەى 30 بۆ 40 چرکە لە دەمیدا ماوەتەوە و پاشان فڕێی داوەتە دەرەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

خۆشبەختان مایکڵ هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە تەنها زامارێکی بچوک نەبێت لە ئەژنۆیدا.


هەرچەندە هاوسەرەکەى داوای لێ دەکات کارێکی تر بدۆزێتەوە، بەڵام مایکڵ تەمەن 56 ساڵ ماوەى 40 ساڵە خەریکی ڕاوی قرژاڵە لە کەنارئاوەکانی کەیپ کۆد.

 

مایکڵ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت، بەیانی ڕۆژی هەینی (11ی حوزەیرانی 2021) خۆی و هاوکارەکەی لە کەشوهەوایەکی نایاب و خۆشی دەریا دەستیان بە کار کردووە.


دەشڵێت، "پاش ئەوەی لە کەشتییەکە بازم دایە ناو ئاوەکە بە کەلوپەلی ژێرئاوەوە، لەناکاو هەستم بە کاریگەرییەک کرد و دواتر هەموو شتێک تاریکی کرد."

لەکاتەدا مایکڵ پێی وابووە لەلایەن نەهەنگی سپی گەورەوە هێرشی کراوەتەسەر کە لەو ناوچەیە مەلەیان دەکرد، بەڵام "دواتر هەستم کرد ئەوەی لە دەوروبەرم دایە تاریکە و زانیم کە ددانی نییە".

دەشڵێت، "ئینجا زانیم، ئەی خوایە، من لە دەمی نەهەنگێکم کە هەوڵ دەدات قووتم بدات، تەواو هەر ئەوەیە، من دەمرم!".

باسی لەوەشکرد کە لەو کاتەدا بیری لە ژنەکەی و دوو کوڕەکەی کردووەتەوە کە تەمەنیان 12 و 15 ساڵان دەبن.

وتیشی، "لەپڕ نەهەنگەکە بەرەو ڕووی ئاوەکە ڕۆیشت و دەمی کردەوە و دەستی کرد بە ڕاوەشاندنی سەری."


"ئیتر منی فڕێدایە ناو هەواو و دیسان کەوتمەوە ناو ئاوەکەوە، ئازاد بووم، هەرگیز باوەڕم نەدەکرد کە ڕزگارم بێت و ئێستا لێرەدا بۆتان بگێڕمەوە کە چی ڕوویداوە."


پاشان هاوڕێکەى کە بە بەردەوامی بەدوایدا گەڕاوە هاوکاری دەکات و دەیباتە سەر کەشتییەکە و ڕزگاری دەکات.


نەهەنگی جۆری هەمباک تاوەکو 15 مەتر درێژ دەبێت، کێشەکەی نزیکەی 36 تۆن دەبێت و لە سەرتاسەری جیهاندا ژمارەیان نزیکەی 60 هەزار دانە دەبێت.