گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى دارایی ’’سێ هەنگاو’’ بۆ دابەزاندنى نرخى دۆلار ئاشکرادەکات

2021.06.11 - 20:50
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەى دارایی ’’سێ هەنگاو’’ بۆ دابەزاندنى نرخى دۆلار ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، باتکى ناوەندى سێ رێوشوێنى گرتووەتەبەر بۆ دابەزاندنى بەهاى دۆلار، دواى بەرزبوونەوەى بەرچاوى نرخى ئەو دراوە بەرانبەر دینار.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

شیروان میرزا پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتى و ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تەلەفزیۆنى فەرمى حزبەکەى راگەیاند، وەزارەتى دارایی داهاتى فرۆشتنى نەوت بە ١٤٥ هەزار دینار دەداتە بانکى ناوەندى، ئەویش بە ١٤٦ هەزار دینار دەیخاتە مەزادەوە، لەبازاڕدا نرخەکەى لەنێوان ١٤٧-١٤٩ هەزار دینار ئاساییە، بەڵام لەوە زیاتر ئاسایی نییە، چونکە ناکرێت بانکى ناوەندى خۆى هەزار دینار قازانج بکات، بەڵام بانکێکى ئەهلى شەش بۆ هەشت هەزار قازانج بکات.

 

وتیشى "بانکى ناوەندى چەند رێوشوێنێک دەگرێتەبەر، لەرۆژى یەکشەممەوە هەموو ئەو بانکانەى پۆلێن کراون دەتوانن داواى دۆلار بکەن، دووەم هەر کەسێک پێویستى بەدۆلارە بۆ گەشت یان نەخۆشى یان خوێندن بەنرخى فەرمى دۆلار وەربگرن، سێیەم لەماوەى سێ رۆژدا زیاتر لە ٦٨٠ ملیۆن دۆلار خراوەتە بازاڕەوە بۆ ئەوەى نرخەکەى دابەزێت".

 

شیروان میرزا پێیوایە ئەگەر بەهۆى ئەو رێوشوێنانەوە دۆخەکە چارەسەر نەبێت، بانکى ناوەندى لەناچاریدا پەنا بۆ ئەوە دەبات کە راستەوخۆ دۆلار بە خەڵک بفرۆشێت بۆ حاڵەتى پێویست.

 

دەشڵێت "تا ئێستا بۆ ئێمە روون نییە کە ئایا هۆکارى دانەبەزینى نرخى دۆلار پەیوەندى بەوەوە هەیە کە قاچاخى دۆلار دەستیپێکردووەتەوە و بەشێکى بەناڕاستەوخۆ دەبرێتە ئێران و سوریا، یان دەستێک هەیە وەکو کۆمەلێک بانکى ئەهلى و بازرگان لەپشت ئەو دۆخەوەن و دۆلارێکى زۆریان هەیە، بەڵام بە پێشبینى ئێمە دۆخەکە کاتى یە".

 

ئەندامەکەى لیژنەى دارایی جەختیکردەوە، ئەگەر دۆخەکە چارەسەر نەکرێت، پارێزگارى بانکى ناوەندى و وەزیرى دارایی بانگهێشتى پەرلەمان دەکەن.

 

ماوەى هەفتەیەکە نرخى دۆلار لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرزبوونەوەى بەرچاوى بەخۆوە بینیوە و ١٠٠ دۆلار گەیشتووەتە سەروى ١٥٠ هەزار دینار، لەکاتێکدا نرخى فەرمى بانکى ناوەندى ١٤٦ هەزار دینار.

 

بانکى ناوەندى ئەمڕۆ هەینى لەراگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە جەختیکردووەتەوە، ئەو نرخەى کە کۆتایی 2020 دیاریکرا بۆ دۆلار لەسەر بنەماى توێژینەوەى قوڵ بووە بۆ دۆخى ئابورى و دارایی و ئامانجى سیاسەتى نەختینەیی بووە.  

  

ئاماژەى بەوەشکردووە، فرۆشى دراوى بیانى لەلایەن بانکى ناوەندییەوە لەسەر بنەماى یەدەگى دراوە کە ئاستێکى زۆر باشدایە و بۆ پڕکردنەوەى داواکارییە رەواکان ئاستى فرۆش زیاد دەکەن.  

  

بانکى ناوەندى دەڵێت، نرخى دۆلار سەقامگیر دەبێت بەهۆى ئەو رێوشوێنانەى کە بانکەکە بەم دواییە گرتویەتییە بەر و ئەو رێوشوێنانەش کە لەمەودوا دەیگرێتەبەر.  

  

دەشڵێت، ئەو لێدوانانەى پەیوەستن بە نرخى دۆلار برەوى پێدەدرێت بۆ ئەوەى بەشیک لەمامەڵەکاران سودى لێببینن، بەڵام تەنها بانکى ناوەندى لایەنى پەیوەندیدارە کە سەرچاوەى زانیاریی فەرمییە لەو بارەیەوە.