گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەکەکە ’’پێشنیازێکی ئەردۆغان بۆ ئاگربەست’’ ئاشکرا دەکات

2021.06.11 - 11:06
App store icon Play store icon Play store icon
پەکەکە ’’پێشنیازێکی ئەردۆغان بۆ ئاگربەست’’ ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

موراد قەرەیلان ڕایگەیاند، مانگی ڕابردوو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا داوای لە پەکەکە کردووە لە باکوری کوردستان ئاگربەست ڕابگەیەنن و وتوویەتی "لە پارچەکانی دیکە چی دەکەن بکەن، ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئێوەدا نابێت"، بەڵام پەکەکە ڕەتی کردووەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیای حزبەکەى (11ی حوزەیرانی 2021) وتی، "شتێکی دیکە هەیە و بە راستی شتێکی شاراوە بوو، تاوەکو ئێستا من دەمگوت ئەگەر کاک مەسعود ببینم، ئەو شتەی پێ ڕادەگەیەنم، یان بەرپرسانی پارتی ببینم پێیان دەڵێم. بەڵام ئێستا بۆ ڕای گشتی کورد ئاشکرای دەکەم. بەرلە چەند مانگێک لە ڕێگەی هەندێک دۆست، دەوڵەتی تورک هەتا تەیب ئەردۆغان خۆی، داوای لە ئێمە کردبوو کە لەناو تورکیا واتە باکوری کوردستان ئێوە ئاگربەست رابگەیەنین و وتی ئێوە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان هەرچیەک دەکەن، ئێمە سەرقاڵی نابین".

 

دەشڵێت، تورکیا و ئەردۆغان وتوویانە "ئێوە شەڕتان لەگەڵ پەدەکە هەیە، بڕۆن لەگەڵ وان شەڕ بکەن."

 

قەرەیلان جەختی کردووەتەوە کە "ئەمە یاری دوژمنە. پێویستە ئێمە لەبەرانبەر ئەم یاریەی دوژمن هوشیار بین. دەوڵەتی تورک هەموو کاتێک کوردی بەم شێوەیە هەڵخەڵەتاندووە و لەدژی یەکتری بەکاری هێناون. بەم شێوەیە سەرکەوتووە. ئەمە دوژمنە. مێژوومان هەیە. لە مێژووی گەلی کورددا دەوڵەتی تورک لە هەموو قۆناغێکدا، هەم لە کاتی عوسمانیەکان و هەم لە سەردەمی کۆماردا، هەرچی بەڵێنێکی بە کورد دابێت، بەڵێنەکانی جێبەجێ نەکردووە. پێویستە مرۆڤ ئەمە باش باش ببینێت."

 

دەشڵێت، "پێویستە ناکات بیر لە دوور بکەینەوە، لە مێژوویەکی نزیکدا، لە ئەنجامی پیلانگێری نێودەوڵەتیدا لەساڵی 1999 سەرۆک ئاپۆیان دەستگیر کرد و رادەستی دەوڵەتی تورکیان کردەوە. ئەو کاتە تورکیا خۆشحاڵ بوو و وتی، "پەکەکە نەما". ئەو کاتەش ئاگربەستمان راگەیاندبوو. دەوڵەتی تورک دوای ئەوە چی کرد؟ لە بەرانبەر تەڤگەری و سیاسەتی باشوری کوردستان هێڵی سووری دروست کرد. پەیوەندیەکانی لەگەڵ باشوری کوردستان وەک هێڵی سوری دانا. هێڵی سور واتە دوژمن. کاتێک لە 2008 لە زاپ لەبەرانبەر گەریلا شکستیان هێنا، بینیان کە لە باشور ناتوانن بە تەنها سەربکەون، هێڵی سوریان هەڵگرت. ئەوە ئەزموونێکە. هەروەها لە نەوەتەکاندا حزبولایان لەدژی ئێمە هاندا. دوای ئەوەی سەرۆکاتەی دەستگیرکرا، لە ئەستەنبوڵ سەرۆکی حزبوڵا و ژمارەیەک لە ئەندامانیان کوشت. پاشماوەکانی حزبوڵاشیان دەستگیرکرد و راپێچی زیندانەکانیان کرد. دەوڵەتی تورک بەم شێوەیەیە، هەموو کاتێک کوردیان بەم شێوەیە هەڵخەڵەتاندووە، بە دەستی کورد بەرخۆدانی کوردیان تەسفیە کردووە و دواتر خۆی کردووە بە سەروەر."

 

باسی لەوەشکردووە کە "ئێستاش دەوڵەتی تورک پلانێکی بەم شێوەیەی داناوە. هیوادارم هەموو لایەنەکان لەبەرانبەر ئەم پلانە هوشیار بن و نەبین بە بەشێک لە یاریەکە. دەوڵەتی تورک دەیەوێت شەڕی ناوخۆیی لەناو کورددا دروست بکات و خۆی سەروەر بێت. بۆ ئەوەی ستراتیژی خۆی ئەنجام بدات ئەم کارە دەکات. ئێمە چاوەرێ دەکەین کە راستی لەلایەن رای گشتی و هەموو لایەنە سیاسیەکانی کورد بە باشی بزانرێت."