ناس کورد-
ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، ئەو بڕە داهاتەى نەوت کە مانگانە دەدرێتە وەزارەتى دارایی بەمەبەستى دابەشکردنى موچە کە بەدۆلارە بەنرخى ١٤٥ ھەزار دینار دەدرێتە بانکێک و لەگۆڕینەوەیدا ١٥ ملیار دینار قازانج دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
عەلى حەمەساڵح لەراگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، لەسەرەتای پرۆسەی نەوتەوە تاوەکو ٢٠١٩ پارەی نەوت دەچوە بانکی کوردستانی ئەھلی و تەنیا ئەم بانکە پرۆسەی گۆڕینەوەی دۆلار بە دیناری دەکرد.
وتیشى بانکەکە، نرخی ١٠٠ دۆلاری بە ١١٧ ھەزار دینار پێدەدراو ھەندێک مانگ لە بازاڕدا بە ١٢٧ ھەزار دینار دەفرۆشراو لە ئاڵوگۆڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاردا، ٤٠ ملیار دینار قازانجی دەکرد، ھەندێک مانگ کەمتر بەپێی نرخی دۆلار دەگۆڕدرا.
بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە، لە سەرەتای ٢٠١٩ ئەم پرۆسە دراوە بە RT بانک ماوەیەک بە ١١٧ ھەزار بۆ ھەر ١٠٠ دۆلارو دواتر کرایە ١٢٠ ھەزار دینار بۆ ھەر ١٠٠ دۆلارێک، ئەم بانکەش بۆ خۆی بە پێی نرخی بازاڕ دەیفرۆشت، بۆ نمونە ئەگەر ١٢٦ ھەزار دینار بێت، لە گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار ١٨ ملیار دینار قازانجیان دەکرد.
دەشڵێت ئێستاش کە لە داھاتی نەوت ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ خەزێنەی وەزارەتی داریی دەگەڕێتەوە بە ١٤٥ ھەزار دینار بەم بانکە دەدرێت و لە بازاڕیشدا ئەگەر ١٥٠ ھەزار دینار بێت قازانجی مانگانە ١٥ ملیار دینارە.
عەلى حەمەساڵح بە پێویستى دەزانێت سیستمێکی تەندروست دابندرێ بە سێ ئامانج، گەڕانەوەی زۆرترین داھات بۆ خەزێنەی گشتی بەشێویەکی دادپەروەرانە. ھاوکاربێت لە جێگیرکردنی نرخی دراو، جوڵەیەیەکی ڕێکخراوی دراو دروستبکات و ھاوکاربێت بۆ جێگیربونی نرخی دۆلار.