ناس کورد-
بەڕێوەبەرى کۆنتڕۆڵى کارەباى هەرێم رایگەیاند، ماوەى سێ مانگە بەپێی پێوەرى زیرەک نرخى کارەبا لەسەر هاوڵاتییان هەژمارکراوە و پێوەرە کۆنەکە کۆتایی هاتووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئومێد ئەحمەد ئەمڕۆ پێنجشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند "لەمانگى سێى ئەمساڵەوە پێوەرى زیرەک کەوتووەتە کار و بەپێی پێوەرەکە پارەى کارەبا دیاریدەکرێت".
وتیشى "تا مانگى سێ هەژمارکردنى پارەى کارەبا بەپێی پێوەرە کۆنەکە بووە، هەندێ کەس پارەیان داوە هەندێکى دیکەش قەرزارنو ئەتوانن بەقیست رادەستى بکەن"
ئومێد ئەحمەد جەختیکردەوە، پێوەرى زیرەکى کارەبا هیچ کێشەیەکى نییە و لە مانگى ئازارى ئەمساڵەوە کەوتووەتەکار.
ماوەى زیاتر لە ساڵێکە وەزارەتى کارەبا دەستیکردووە بە دانانى پێوەرى زیرەک بۆ هاوبەشانى کارەبا، بە ئامانجى سنوردانان بۆ بەفیڕۆدانى وزە و زیادکردنى کاتەکانى پێدانى کارەباى نیشتیمانى.
پێوەرەکە بە سیستمێکى تایبەت کاردەکات کە جیاوازە لە سیستمى پێشوو، بڕى کارەباى بەرهەمهێنراو بەیەکسانى بەسەر هاوبەشانى کارەبادا دابەشدەکات و ئەگەر لەو بڕە زیاتر بەکارهێنرا بۆ ماوەى زیاتر لە 45 چركه کارەباى بەکارهێنەر دەکوژندرێتەوە و پاش 150 چركه دووباره ووزهی كارهبایهكه دەگەرێتەوە .
هەروەها له ماوەى 30 خولهكدا ئهگهر چهندین جار وزهی كارهبا بردرا بە هۆى زۆرى بەکارهێنانەوە و تێكرای كاتی كوژانهوهكه 45 چركه بوو ئهوا پێوهرهكه دهكوژێتهوه و پاش 150چركه دووباره ووزهی كارهبا دەگەرێتەوە. ئهگهر له ماوهی 30 خولهك 5 جار له دوای یهك وزەى كارهبا كارهبا بردرا بە هۆى زۆرى بەکارهێنان، ئهوا كارهبا دهكوژێتهوه پاش 45 خولهك كارهبا دووباره دەگەرێتەوە.
بەرپرسانى وەزارەتى کارەبا پێشتر جەختیانکردەوە کە لەگەڵ کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەى دابەشکردن و کۆکردنەوەى پارەى کارەبا بەپێی سیستمە نوێیەکە بدەنە کەرتى تایبەت، بەڵام تا ئێستا ئەو پڕۆسەیە کۆتایی نەهاتووە.
بەوتەى بەرپرسانى وەزارەتەکە، لە سیستمە نوێیەکەدا نرخى کارەبا گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت کە ئێستا بۆ هەر یەکەیەک لە 15 دینارەوە دەستپێدەکات.