گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

ئامانجى سەردانی قائانی بۆ بەغدا ئاشكرا كرا

2021.06.10 - 15:39
App store icon Play store icon Play store icon
ئامانجى سەردانی قائانی بۆ بەغدا ئاشكرا كرا

ناس کورد- 

رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەمەبەستی هێوركردنەوەی بارودۆخی پاش ئازادكردنی فەرماندەی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبی هاتووەتە بەغدا كە تۆمەتباركرابوو بە تیرۆركردنی چالاكەكانی خۆپیشاندانەكان.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

راپۆرتێكی رۆژنامەكە (10 حوزەیرانی 2021) كە "ناس كورد" بینیویەتی باس لەوەدەكات ئیسماعیل قائانی لەگەڵ گەیشتنی بەبەغدا لەگەڵ فەرماندەكانی حەشد كۆبوونەوەی كردووە و پەیامێكی ڕوون و ڕەوانی گەیاندووە پێیان كە پابەندی هێوركردنەوە بن و چیتر هەڵنەكوتنە سەر بەرژەوەندییە حكومییەكان.

 

سەرچاوەكانی شەرقولئەوسەت ئەوەشیان ئاشكراكردووە كە دانوستانی ئازادكردنی قاسم موسڵیح فەرماندەی ئەنباری حەشدی شەعبی گوشاری زۆری تێدا بووە و ئێرانییەكانیش لەسەر ئاستی باڵا تێیدا بەشداربوون.

 

ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز (9ى حوزەیرانى 2021) لەسەر زارى سەرچاوەیەک لە حکومەتى عێراقەوە رایگەیاند، حکومەتى عێراق بەرپرسیارێتى ئازادکردنى سەرکردەکەى حەشدى شەعبى دەخاتە ئەستۆى دادگا بەوپێیەى کە حکومەتى عێراق چەندین بەڵگەى دژى ئەو سەرکردەیەى حەشد پێشکەش بە دادگا کردووە لەبارەى تێوەگلانیان لە تیرۆرکردنى چالاکوانان.  

 

سەرچاوەکە رونیکردۆتەوە، حکومەتى عێراق چەندین فایلى دەنگى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانى نێوان موسڵیح و جێبەجێکارانى تیرۆرکردنى چالاکوانەکان رادەستى دادگا کردووە. 

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەنجومەنى باڵاى دادوەریى (9ى حوزەیرانى 2021) لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، سەبارەت بە کەیسى کوشتنى چالاکوان ئیهاب وەزەنى دواى لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە کە قاسم موسڵح کە تۆمەتبار کراوە بە کوشتنى هیچ بەڵگەیەک لە دژى پێشکەش نەکراوە.   

 

ڕونیشکراوەتەوە، بەپێى لێکۆڵینەوەکان و لە پاسپۆرتەکەیدا دەردەکەوێت لەکاتى کوشتنى ئەو چالاکوانە ناوبراو لە دەرەوەى وڵات بووە، هەروەها تێوەگلان و بەشداریکردنى لەو تاوانەدا ڕەتکردووەتەوە و دادگاش هیچ بەڵگەیەکى نەدۆزیوەتەوە کە تێوەگلانى ناوبراو بسەلمێنێت، بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ.