گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’زڕ دایکی تۆمەتبار و داپیرى سکاڵاکار’’

وردەکاریی ’’داخکردن و برسیکردنى’’ سێ منداڵ لە هەولێر

2021.06.09 - 11:28
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاریی ’’داخکردن و برسیکردنى’’ سێ منداڵ لە هەولێر

ناس کورد-

"داخکردن و بێبەشکردنیان لە نان خواردن و ئەشکەنجەى دەرونى"، ئەمە چیرۆکى ژیانى سێ منداڵە لە هەولێر کە جیابوونەوەى باوک و دایکیان سەرگەردانى کردوون و داپیریان دۆسیەکەیانى ئاشکراکرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

منداڵەکان کە تەمەنیان 8، 6 و 4 ساڵن، نەهامەتییەکانیان لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە دایک و باوکیان لەیەکتر جیابوونەوە و باوکیان هاوسەرگیرى کردەوە.

me_ga.php?id=3990

لەماوەى مانەوەیان لەلاى زڕدایکیان، منداڵەکان روبەڕووى سزاى توند بوونەتەوە، بەو هۆیەشەوە داپیریان لەخۆى گرتوون.

 

فەرمان محەمەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژن و خێزان لە هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، منداڵەکان لەلایەن زڕ دایکیانەوە سزاى جۆراوجۆر دراون و تیمەکانیان سەردانیان کردوون و ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە.

 

بەپێی ئەو وێنانەى کە بەڕێوەبەرایەتییەکە بڵاویکردووەتەوە ئاسەوارى داخکردن بەجەستەى هەر سێ منداڵەکەوە دەردەکەوێت.

me_ga.php?id=3989

بەڕێوەبەرایەتییەکە رۆژى سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست "ناس کورد" کەوتووە رایگەیاند، ئەو سێ منداڵە له‌ لایه‌ن زڕدایكیانه‌وه‌ بەناوی (س. ع) ئەشکەنجە دراون و دواتر بە كه‌وچكی چیشت جەستەیان داغ کراون، ئەمە جگە لەوەی ئازاری دەروونی دراون و چەندین جار بێ بەشی کردوون لەنان خواردن.

 

فەرمان محەمەد وتى، "منداڵەکان دواى ئەشکەنجەدانیان لەلاى داپیریان ماونەتەوە، ئێستا ئەو لە دۆسیەکە سکاڵاکارە و ئیفادەى لێوەرگیراوە و ئەمڕۆ رێوشوێنە یاساییەکان دژى دایک و باوکى منداڵەکان دەستپێدەکات".

 

وتیشى، "تائێستا باوک و زڕ دایکى منداڵەکان شوێنیان نادیارە و هیچ پەیوەندییەکیشیان نەکردووە بۆ سۆراخى چارەنوسی منداڵەکان".

 


منداڵەکان لەئێستادا رەوانەى نەخۆشخانە کراون بۆ زانینى دۆخى تەندروستیان و وەرگرتنى چارەسەر، دواى ئەو سزا توندانەى روبەڕوویان بووەتەوە.

me_ga.php?id=3988
"لە نەخۆشخانە راپۆرتى پزیشکى دەنوسرێت لەبارەى ئەشکەنجەدانیانەوە، ئەوەش وەکو بەڵگە بۆ دۆسیەکە پشتى پێدەبەسترێت"، فەرمان محەمەد وایوت.


باسى لەوەشکرد، ئەگەر مەترسی لەسەر ژیانى منداڵەکان هەبێت بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئامادەیە لەخۆیان بگرێت و بیانپارێزێت، بەڵام تا ئێستا داپیرى منداڵەکان داواى لەو شێوەیەى لێنکردوون.