ناس کورد-
ئەو گەنجە کەنەدییەى کە خێزانێکى موسڵمانى وڵاتەکەى بە ئۆتۆمبیل کوشت و ڕوداوەکە ئەو وڵاتەى هەژاند، دواى دەستگیرکردنى ناسنامەکەى ئاشکرا دەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵى CTVی کەنەدى بڵاوى کردەوە، تۆمەتبارى سەرەکى ئەو تاوانە ناسانییل فیلمتانى تەمەن 20 ساڵە و ئێستا چوار تۆمەتى کوشتنى بەئەنقەستى دراوەتە پاڵ و تۆمەتى پێنجەمیش هەوڵدانە بۆ کوشتنى کەسێک.
پۆلیسى کەنەدا لەسەر ڕوداوەکە جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە، خێزانە موسڵمانە کەنەدییەکە بە ئۆتۆمبلێکى بارهەڵگرى بچوک کە چووەتە سەر شۆستەکە و شێلاوونى بەئەنقەست کوژراون، ئەوەش وەکو دژایەتیەک بۆ ئیسلام.
بەپێى میدیاکانى کەنەدا، ڤیلمتان پێشتر شۆفێربووە لە کارگەى ئامادەکردنى هێلکە و هیچ بەڵگەیەکیش نییە بۆ پەیوەندیکردنى ناوبراو بەو گروپانەى کە دژایەتى ئیسلام دەکەن و هەروەها پێشتریش بەهیچ تاوانێکى دژایەتى ئیسلام تۆمەتبار نەکراوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، پۆلیس لەو باوەڕەدایە ئەو گەنجە مامەڵەیەکى تاکەلایەن خۆى بووە بەڵام ڕوداوەکەش لەژێر لێکۆڵینەوەدایە بۆ ئاڕاستەکردنى تۆمەتى تیرۆریستى بەهۆى ئەو تاوانەیەوە.
پۆلیسى کەنەدا دەڵێت، وادیارە پێشتر کارەکە پلانى بۆ دانراوە بۆ ئەوەى ئەو خێزانە بکرێتە ئامانج بەهۆى ئاینەکەیانەوە کە موسڵمانن.
هاوکات میدیاکانى کەنەدا لەسەر زارى هاوپیشەکانی ئەو گەنجەوە بڵاویان کردووەتەوە، ڤیلمتان گەنجێکى بێدەنگ و ئارام بووە و زۆرکاتیش بەتەنهایى بردویەتە سەر و کەمدووش بووە لەگەڵ هاوپیشەکانیدا و بەو ڕوداوەش هاوڕێکانى تووشى شۆک کردووە.