گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

’’لە یەکێک لە زیندانەکانی هەرێم دەستدرێژی دەکرێتەسەر زیندانییەک’’

2021.06.08 - 21:40
App store icon Play store icon Play store icon
’’لە یەکێک لە زیندانەکانی هەرێم دەستدرێژی دەکرێتەسەر زیندانییەک’’

ناس کورد-

دۆخی زیندانیان لە زیندانەکانی هەرێم بووەتە پرسی گەرمی ڕۆژ و ناس کورد کەیسێک ئاشکرادەکات کە لە یەکێک لە زیندانەکانی هەرێم دەستدرێژی سێکسی کراوەتەسەر زیندانییەک، بەڵام دواتر لەجێی وەرگرتنی سکاڵاکەی بە نەخۆشی دەروونی لە قەڵەم دراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

زیندان جگە لەوەی شوێنێکە بۆ سزادانی تاوانباران، شوێنێکیشە بۆ چاکسازی کردن لە ڕەفتاری ئەو تاوانبارانە و ئامادەکردنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە وەک کەسێکی ئاسایی و بێ زیان، بەڵام زۆرجار ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕەخنە لە دۆخی زیندانەکانی هەرێم دەگرن.

 

محەمەد سەباح خەیات، سەرۆکی ڕێکخراوی "دیداری ئاشتی بۆ مافی مرۆڤ و پێکەوە ژیان" (سێشەممە 8ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، " بەداخەوە بەشێک لە زیندانەکانی ھەرێم نەک شوێنی چاکسازی نەبووە بگرە شوێنی بەدڕەوشتی و تێکدانی ئاداب و ئەخلاقی زیندانیەکان بووە."

 

وتیشی، "بابەتە سێکسییەکان و کاری بەدڕەوشتی یەکێکە لەو کێشە گەورانەی زیندانەکانی هەرێم پێوەی دەناڵێنن، بەڵام بەرپرسانی هەرێم پشتگوێیان خستووە."

 

ئەوەشی ئاشکراکرا، "پێش زیاتر لە ساڵێک لە ئێستا کەیسێک هاتە لامان کە لە یەکێک لە زیندانەکانی هەرێم کەسێک لەلایەن زیندانییەکی دیکەوە دەستدرێژی سێکسی کرابووەسەر و داوای کرد سکاڵاکەی بگەیەنین بە لایەنی پەیوەندیدار."

 

وتیشی، "ئەو کەسە هەموو بەڵگەیەکی هەبوو، ئامادە بوو بچێت پشکنینیش بکات بۆ سەلماندنی ئەوەی دەستدرێژی کراوەتەسەر، بەڵام بەداخەوە بێ ئەوەی پشکنینی بۆ بکرێت، وتیان، دەستدرێژی نەکراوەتەسەر، بەڵکو توشی نەخۆشی دەروونی بووە و کردیان بە نەخۆشی دەروونی."

 

محەمەد سەباح باسی لەوەشکرد، "کەیسەکەم بۆ بەرپرسێکی باڵای ئەم کابینەیە باس کرد، دەستی کرد بە گریان، بەڵام وتی، نەمتوانیوە هیچ کارێک بکەم و تەنها ئەوەندەم دەسەڵات هەبووە."

 

سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە مرۆییە وتیشی، "چوار کەیسی دیکەی هاوشێوەمان تۆمارکردووە، بەڵام ئەوانیش کەیسەکانیان هیچ ئەنجامێکی نەبووە."

 

جەختیشیکردەوە، " ھیوادارین ھەرچی زووە چاکسازییەکی بەپەلە لە زیندانەکان بکرێت  و زیندان ببێتە شوێنی چاکسازی ڕاستەقینە لە ھەرێم.."