گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی لاهور شێخ جەنگی لەبارەى شەری پەکەکە و پێشمەرگە

2021.06.08 - 19:03
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانی لاهور شێخ جەنگی لەبارەى شەری پەکەکە و پێشمەرگە

ناس کورد-

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکى یەکێتی جەخت دەکاتەوە کە "دژی هەموو شەڕێکی براکوژیین و سەرکۆنەی هەموو لایەنێکیش دەکەین کە بیەوێت ئارامی و سەقامگیریی کوردستان بخاتە مەترسییەوە".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لاهور شێخ جەنگ ئەمڕۆ لە قەڵاچوالان لەگەڵ سەرجەم فەرماندە و دەرەجەدار و لیواکانی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کۆبووە، بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، "پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و دۆخی ئەمنی تاوتوێکران."

 

لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، "باسمان لە دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان کرد و جەختمان کردەوە کە دژی هەموو شەڕێکی براکوژیین، سەرکۆنەی هەموو لایەنێکیش دەکەین کە بیەوێت ئارامی و سەقامگیریی کوردستان بخاتە مەترسییەوە، بە هیچ شێوەیەک بەشدار و لایەنگری شەڕێک نابین کە خوێنی کورد بە دەستی کوردی تیادا بڕژێت."

 

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، ناوبراو باسی "بڕیار و سیاسەتی نوێی و بەهێزی پێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد لە دوای کۆنگرەی نوێبوونەوە لە سەر ئاستی هەرێم و بەغدا کە هەنگاوی گەورەی ناوە و بە شێوەیەکی واقیعی و حەکیمانە مامەڵەی لەگەڵ پرسەکاندا کردووە و بەرژەوەندیی باڵای میللەتەکەمانی لەبەرچاوگرتووە، بە تایبەت لە مەسەلەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی کە زۆر جەختمان لە ڕێککەوتن کردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆبوونەوەی گرنگ و بەرهەمدارمان لە بەغدا لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و لایەنی حکومی ئەنجامدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە ڕەچاوکردنی دەستووری عێراق لەپێناو دابینکردنی شایستە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و باشکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان."

 


لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا "باسمان لە پڕۆسەی چاکسازیی و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و ئامادەیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانمان دووپاتکردەوە بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بوونی یەک هێزی نیشتمانی پڕچەک و مەشقپێکراو کە پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستان بێت، پێزانینم پێشکەش بە فەرماندە سەربازییەکان کرد کە لەو پێناوەدا هەنگاوی گرنگیان ناوە. هاوکات هەمئاهەنگیی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەمان دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنی تێدا هەیە بۆ لەناوبردنی خانە نوستووەکانی چەکدارانی داعش. باسمان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق کرد و یەکدەنگی کوردمان بە گرنگ زانی بۆ بەهێزی پێگەی کورد لە بەغدا، پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان لە نێوان یەکێتیی و بزوتنەوەی گۆڕانمان بە دەستکەوتێکی گەورە لە قەڵەمدا بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کورد و یەکڕیزیی نیشتیمانیی، هیواشمان خواست کە سەرجەم لایەنە کوردییەکان لە ژێر چەتری ئەو لیستەدا کۆببنەوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی کورد بکەن و پێگەی هەرێم بەهێزتر بکەن."