گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ژنێکى دەوڵەمەند ماوەى ساڵێکە لە چاوەڕوانى وەرگرتنى یەکێک لەو منداڵانەیە

حکومەتى هەرێم ئامارى ئەو منداڵە ساوایانە بڵاوناکاتەوە کە جێهێڵدراون [تایبەت]

2019.06.16 - 22:08
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتى هەرێم ئامارى ئەو منداڵە ساوایانە بڵاوناکاتەوە کە جێهێڵدراون [تایبەت]

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح وێڕاى بوونى حاڵەتەکانى بەجێهێشتن یان فڕێدانى منداڵانى ساوا و تازە لەدایکبوو لە هەرێمى کوردستان، بەڵام چەند ساڵێکە وەزارەتى کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم، ئاماری خۆی سەبارەت بە ژمارەى ئەو منداڵانە بڵاوناکاتەوە. . بەرپرسانی ئەو وەزارەتەش هۆکاری نەخستنەڕوی ئامارەکانى منداڵانى بێباوک یان فڕێدراو دەگەڕێننەوە بۆ کەمی ئەو حاڵەتانە وەک خۆیان دەلێن "ساڵانە لە ژمارەى پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکەن". . فوئاد سدیق، وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "حاڵەتی بەجێهشتنی منداڵی ساوا لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی نزمدایە، ساڵانەش لە چەند حاڵەتێک تێپەڕناکات و نەبوەتە دیاردە، ئەوەش هۆکاری سەرەکییە بۆ بڵاونەکردنەوەی ئاماری ساڵانەى تایبەت بەو پرسە". . ئەو منداڵانەى کە بەجێدەهێڵدرێن یان بێ دایک و باوکن چارەنوسیان چی لێدێت؟ تا ئێستا وەزراەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى هەرێم، پلان و میکانیزمێکى ڕونى نیە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى حاڵەتەکانى منداڵانى بەجێهێڵدرا و بێ باوک و دایک. . سەبارەت بە چۆنییەتى مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو منداڵە ساوایانەى بەجێدەهێڵدرێن و بێ دایک و باوک دەبن،: "سەرەتا پۆلیس و دادگاکان ئەو حاڵەتانە تۆمار دەکەن، دواتر ئێمە ئاگادار دەکەنەوە، ئێمەش لە رێگای فەرمانگە تایبەتییەکانی خۆمانەوە لە پارێزگاکان سەرپەرشتی و بەخێوکردنیان دەگرینە ئەستۆ". . وتەبێژەکەی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوشکرد، کە یەک فەرمانگە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی منداڵانی بێ دایک و باوک، لە تەمەنی یەک ڕۆژ تا خوار چوارساڵان و پێى دەڵێن "خانەی منداڵانی ساوا"، دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی، ئەو منداڵانەشی کە سەرووی چوار ساڵانن حکومەت ناچارە بیانخاتە خانەی نەوجوانانەوە، لەبەر نەبوونی فەرمانگەیەکی تایبەت بەو تەمەنە. . بۆ زانینى ژمارەى ئەو منداڵانەى لە خانەى منداڵانى ساوایانى سلێمانى بەخێودەکرێن و چۆنییەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵانە، ناس کورد پەیوەندى بە عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پارێزگای سلێمانییەوە کرد، ئەویش لەوبارەیەوە وتى: "بەپێى ئامارەکانمان لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا 150 منداڵی بێ سەرپەرشت لە خانەی ساوایانی سلێمانیدا هەن، کە تەمەنیان لە نێوان یەک ڕۆژ تا چوار ساڵانە". . عومەر گوڵپى ئاماژەى بەوەشکرد: "ئەو منداڵانە لەلایەن دادگاوە ڕەوانەی فەرمانگەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان دەکرێن، ئەو منداڵانەشی کە تەمەنیان ساوایە و خوار چوار ساڵن، زۆربەیان بەجێماون و بێ دایک و نازاندرێت کێ دایک و باوکیانن، بە وتەى گوڵپى، ئەو منداڵانەى تەمەنیان سەروی چوارساڵانە زۆربەیان لە ئەنجامی کێشەی کۆمەڵایەتیی خانەوادەکانیانەوە لای ئەوان سەرپەرشتی دەکرێن. . بەهۆى ئەوەى خانەى منداڵانى ساواى سلێمانى تاکە خانەى لەو جۆرەیە لە هەرێمى کوردستان، هەموو ئەو منداڵانەی کە لەو تەمەنەدان لەهەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن لەوێ  وەردەگیرێن.   . زۆرجار ئەو خانەوادانەى منداڵیان نابێت داواى منداڵانى بێ دایک و باوک دەکەن؟   تا ئێستا ڕێکخراوەکان و چالاکوانى بوارى مندداڵپارێزى، ئامارێکیان لەبارەى ڕێژەى منداڵى بەجێهڵدراو دەستنەکەوتووە، بەڵام ئاگادراى بەشێک لە دۆسییەکانى ئەو بابەتە هەن. . ئاڵا کەمال، چالاکوانی بواری ژنان و منداڵان، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ژمارەى ئەو منداڵانەى بەجێدەهێڵدرێن نادیارە، تا ئێستا هیچ ئاماریکمان دەستنەکەوتووە، چونکە ئەوە بابەتێکی هەستیارە لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە". . ئەو چالاکوانە وتیشی، زۆربەی ئەو منداڵانە لەڕێى فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێن، لە دادگاکانەوە ڕەوانەی ئەو فەرمانگانە دەکرێن، زۆرجاریش ئەو منداڵانە لەلایەن حکومەتەوە بەپێى چەند ڕێکارێکی یاسایی دەدرێن بەو خانەوادانەی کە منداڵایان نابێت. . ئاڵا کەمال، چیرۆکى یەکێک لەو ئافرەتانەى بۆ ناس کورد گێڕایەوە کە بێ وچان سەرقاڵى ئەوەیە، منداڵێک وەرگرێت و بەخێوى بکات، ئاماژەی بەوەکرد، ئافرەتێکی دەوڵەمەند کە منداڵى نابێت، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە، سەرەی گرتووە و خۆی ناونوس کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت منداڵێکی بێ دایک و باوک لە حکومەت وەربگرێت، بۆ ئەوەی بەخێوی بکات، بەڵام تائێستا سەرەی نەهاتووە، هەموو جارێکیش کە دەڕوات بۆ سۆراغ پرسین پێ دەڵێن "سەرەت نەهاتووە". . ئەو ژنە چالاکوانە، نەیشاردەوە چیرۆکی ئەو ژنە دەوڵەمەندە کە تا ئێستا نەیتوانیوە منداڵێکی ساوای دەستبکەوێت دوو ئەگەری هەیە، یان ڕێژەی ئەو منداڵانە زۆر کەمن لە هەرێمی کوردستاندا دایکان و باوکانیان بەجێیان دەهێڵن، یان نەخێر خانەوادەیەکی زۆر سەرەیان بۆ گرتووە. . .