گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’تەقەشیان لێکراوە’’

وەزارەتى پێشمەرگە لەسەر پێکانى پێنج پێشمەرگەکە بە فڕۆکە ڕوونکردنەوە دەدات

2021.06.07 - 21:02
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتى پێشمەرگە لەسەر پێکانى پێنج پێشمەرگەکە بە فڕۆکە ڕوونکردنەوە دەدات

ناس كورد-

بەرپرسێکى وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە فڕۆکە ھێزەکەى پێشمەرگەی لە چیاى مەتینا کردووەتە ئامانج "ڕاست نییە"، چونکە لێکۆڵینەوە کراوە دەرکەوتووە پەکەکە بە ڕۆکێتی دژەتانک ئۆتۆمبێلەکەى پێکاوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عەمید عوسمان محەمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ دووشەممە بە پێگەى فەرمى پارتى ڕاگەیاند، "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە فرۆکەی ئێف16 ھێزی پێشمەرگەی لە چیای مەتین کردووەتە ئامانج ڕاست نییە".

 

وتیشى، "ئەو ئۆتۆمبێلە بە ڕۆکێتی دژەتانک پێکراوە و لەوکاتەدا ھیچ فڕۆکەیەکی جەنگی بە ئاسمانەوە نەبووە لەو ناوچەیەدا".

 

بەرپرسەکەى پێشمەرگە دەڵێت، "چەکدارانی پەکەکە بۆسەیان بۆ ئەو ھێزەی پێشمەرگە دانابوو بە چەکی مامناوەند و سووک تەقەیان لە ھێزی پێشمەرگە کردووە و لەکاتی تەقەکردنەکەشدا ڕۆکێتێک تەقیوە بەرەوڕووی زرێپۆشە پێکراوەکەی پێشمەرگە و بەو ھۆیەوە تەقێندراوەتەوە."

 

ڕوونیشیکردەوە، ''ڕۆکێتی دژەتانک ئێستا لە جیھاندا ئەوەندە پێشکەوتووە ئەو سەربازەی ڕۆکێتەکە دەتەقێنێ دەتوانێت جووڵەی بەرز و نزم بە ڕۆکێتەکە بکات و ئاڕاستەکەی بەپێی پێویست بگۆڕێت، بەڵام خاڵی تەقاندنی ڕۆکێتەکە لە ئامانجەکەیەوە 1 کم تا 2 کم دوور بووە، لەو ماوەیەدا ڕامی زۆر باش دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ڕۆکێتەکە بکات و دەتوانێت بەرزی بکاتەوە دواتر ئاڕاستەی ئامانجەکەی بکات لەسەر زەوی."

 

عەمید عوسمان ڕەتی کردەوە کە لەو کاتەدا ھیچ جۆرە فڕۆکەی شەڕکەر بە ئاسمانەوە بووبێت و وتی ''ھەرکاتێک فڕۆکەیەک بە ئاسمانەوە بێت چەکدارانی پەکەکە لە ھیچ شوێنێک دیار نامێنن و خۆیان لە ژێرزەوی دەکەن و پێشتر زانیارییان پێ دەدرێت و دەزانن کە مەترسی ھەیە."

 

دەشڵێت، "پێمان سەیرە چۆن ئەوان ھەستیان بە ھەبوونی فڕۆکە کردبێت و بە تەقەکردن لە پێشمەرگە شوێنی خۆیان ئاشکرا کردبێت و ئەو فڕۆکەیە ئەوانیشی نەکردووەتە ئامانج، چونکە ھەموو لایەک دەزانن فڕۆکەکانی تورکیا ئامانجی یەکەمیان چەکدارانی پەکەکەیە، نەوەکوو ھێزەکانی پێشمەرگە."

 

بەوتەى عەمید عوسمان، لەناو پێشمەرگەکاندا بریندار ھەیە کە بە گولـلە پێکراوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە لوولەی تفەنگی چەکدارانی پەکەکە ڕووی لە ھێزەکانی پێشمەرگە بووە.

 

بەرەبەیانى شەممە 5ى حوزەیرانى 2021 پێنج پێشمەرگەى زێڕەڤانى لەچیاى مەتینا کوژران و وەزارەتى پێشمەرگە پەکەکەى بە هێرشەکە تۆمەتبارکرد.



لە بەرامبەردا فەرماندەیی مەیدانی خابوری هەرێمی مەتینای هەپەگە لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، ئەو هێزەی پێشمەرگە هێرشیان کردووەتەسەریان و لە ڕێگەدا بەهۆی تەقینەوەیەک کە هۆکارەکەی نازانرێت ئەو ڕووداوە ڕوویداوە.

لەبارەى رووداوەکەوە، پێشتر عەمید قادر خۆرانی، ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند ئەو هێرشە بە‌ فڕۆکەی F16 یان درۆن ئە‌نجامدراوە‌ و ئامانجی سیاسیی لە ‌پشتە‌وەیە.