گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەت ڕوونکردنەوە دەدات

ئایا بانکى ناوەندى نرخى دۆلار دەداتە دەست بازاڕى ڕەش؟

2021.06.07 - 18:30
App store icon Play store icon Play store icon
ئایا بانکى ناوەندى نرخى دۆلار دەداتە دەست بازاڕى ڕەش؟

ناس کورد-

دواى بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار بەرانبەر دینار بۆ ئاستێکى پێوانەیی، دەنگۆى ئازادکردنى نرخى دراو لەلایەن بانکى ناوەندى و ڕادەستکردنى بە بازاڕ هاتووەتە بەرباس، بەڵام حکومەت ئەوە ڕەت دەکاتەوە، هەرچەندە بانکەکە تا ئێستا بێدەنگى لەو بارەیەوە هەڵبژاردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئازادکردنى نرخى دراو بەواتاى ئەوە دێت کە حکومەت یان بانکى ناوەندى دەستوەردان ناکات بۆ دیاریکردنى نرخەکەى بەشێوەى ڕاستەوخۆ، بەڵکو دەدرێتە دەست بازاڕ و خواست و خستنەڕوو نرخى دراوى نیشتیمانى بەرانبەر دراوە بیانییەکان دیاریدەکات، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى ڕۆژنامەى "ئەلمەدا" ى عێراقى کە "ناس کورد" خوێندنەوەى بۆ کردووە.

 

عەبدورەحمان مەشهەدانى، شارەزاى ئابورى دەڵێت، ئازادکردنى نرخى دراو تا ئێستا بەفەرمى نەخراوەتەڕوو، ئەوەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەو بارەیەوە باس دەکرێت زیاتر ئامانج لێی بانگەشەى هەڵبژاردنە.

 

وتیشى، ئەو هەنگاوە پێویستى بە مەرجى تایبەت هەیە پێش دەستبردن بۆى، لەگەڵ دانانى سیاسەت و پلانى دورمەودا و دۆخى عێراق هەنگاوى لەو شێوەیە هەڵناگرێت.

 

بڵاوبوونەوەى دەنگۆکان لەبارەى ئازادکردنى نرخى دراوەوە دواى ئەوەدێت کە نرخى دۆلار بەرانبەر دینار بەرزترین نرخى لە 15 ساڵدا تۆمارکرد و نرخى 100 دۆلار گەیشتە سەروى 150 هەزار دینار کە زیاترە لەو نرخەى بانکى ناوەندى دیاریکردووە.

 

مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکارى ئابورى سەرۆک وەزیرانى عێراق دەڵێت، خستنەڕووى دراوى بیانى ئەرکى بانکى ناوەندییە لەڕێگەى مەزادەوە، کە ئامانج لێی سەقامگیریی نرخى دراوە.

 

پێشیوایە، ئەو کارە سەقامگیریی لەنێوان خواست و خستنەڕوودا دروست دەکات، سەرەڕاى جیاوازى ئێستاى نرخ لەنێوان بانکى ناوەندى و نرخى دراو لە بازاڕ، ئەوەش وادەخوازێت کە دەستوەردانى زیاتر بکرێت لەلایەن بانکى ناوەندییەوە.

 

مەزهەر محەمەد ساڵح دەشڵێت، ئەگەر بازاڕ ئازاد بکرێت نرخى دینار دادەڕوخێت ئەوەش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئابورى وڵات، هاوسەنگى بازاڕ بەدینایەت بەدەستوەردانى بانکى ناوەندى نەبێت.


بانکى ناوەندى عێراق رۆژانە بەمەبەستى هاوسەنگى راگرتنى نرخى دینار بەرانبەر دراوە بیانییەکان بەتایبەتى دۆلار، بەبڕى جیاجیا و بەشێوەى کاش و حەواڵە دۆلار دەخاتە بازاڕەکانەوە.

 

بانکەکە لە 20ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، بڕیاریدا نرخی هەر دۆلارێک بەهەزار و 450 دینار جێگیربکات، لە کاتێکدا پێش ئەو بڕیارە بەرانبەر بەهەزارو 220 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.