ناس کورد-
سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق رایگەیاند، نزیکترین لایەنى عێراقی لەحزبەکەیانەوە هاوپەیمانى فەتحە و دواى هەڵبژاردن دەبنە هاوپەیمان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاڵا تاڵەبانى ئەمڕۆ یەکشەممە لەپەراوێزى کۆبوونەوەى شاندى باڵاى یەکێتى لەبەغدا لەگەڵ هادى عامرى سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان وتى پرسی هەڵبژاردنیان تاوتوێکردووە و جەختیان کردووەتەوە لەئەنجامدانى هەڵبژاردن لەوادەى خۆیدا.
وتیشى "ئێمە دۆستە دێرینەکانمان لەبیر ناکەین، هەموو کات هاوپەیمانیان دەبین، بۆ ئێستا و دواى هەڵبژاردنیش نزیکترین لایەن لە ئێمەوە هاوپەیمانى فەتحە، جگە لە لایەنەکانى دیکەى شیعە و سوننە".
ئاڵا تاڵەبانى جەختیکردەوە، تا تەواوبوونى وادەى ئەم حکومەتە بەردەوام دەبن لەکارکردن لەگەڵ هاوپەیمانى فەتح، دواى هەڵبژاردنیش هاوپەیمانیان دەبێت.
لاى خۆیەوە، هادى عامرى سەرۆکى هاوپەیمانى فەتح رایگەیاند، چەند پرسێکیان تاوتوێکردووە کە گرنگترینیان ئەنجامدانى هەڵبژاردن بووە لە وادەى خۆیدا، لەگەڵ پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا و پەیوەندیی هاوپەیمانێتییەکەیان و یەکێتى.