گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی و پێشبینى نوێ

’’سێ هۆکار’’ دۆلاریان گەیاندە 150 هەزار دینار

2021.06.06 - 19:39
App store icon Play store icon Play store icon
’’سێ هۆکار’’ دۆلاریان گەیاندە 150 هەزار دینار

ناس کورد-

 

وتەبێژى بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى سێ هۆکارى پشت بەرزبوونەوەى بەرچاوى نرخى دۆلارى دیاریکرد و پێشبینیدەکات تا داهاتوویەکى نزیک لەو نرخەدا یارى بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نرخى 100 دۆلار پاش نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ یەکەمجار بۆ سەروى 150 هەزار دینار بەرزبووەوە و بۆ ماوەى چەند کاتژمێرێک بەو نرخە مامەڵەى پێوەکرا، کە بەرزترە لەو نرخەى بانکى ناوەندى دیاریکردووە.  

 

جەبار گۆران وتەبێژى بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى ئەمڕۆ یەکشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، زیادبوونى خەرجییەکان، زیادبوونى هاوردە، مەزادى بانکى ناوەندى هۆکارى پشت هەڵکشانى بەهاى دۆلارن بەرانبەر دینار بۆ ئاستى 150 هەزار دینار.

 

رونیشیکردەوە، بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت و یەدەگى دراوى بیانى لەبانکى ناوەندى، خەرجییەکانى عێراق روویان لەبەرزبوونەوە کردووە و خواست لەسەر شتومەک زیاتر بووە، بەو هۆیەشەوە دۆلارێکى زۆرتر پێویستە بۆ هاوردەکردنى کاڵا، کە زۆرترە لەو بڕەى بانکى ناوەندى دەیفرۆشێت.

 

بەپێی نوسراوێکى فەرمى بانکى ناوەندى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، ئەمڕۆ یەکشەممە مەزادى دۆلار 207 ملیۆن و 146 هەزار و 525 دۆلار بووە، کە بەرزترین بڕە لەم مانگەدا خرابێتە مەزادەوە.  

 

لەو بڕە دۆلارە 26 ملیۆن و 700 هەزار دۆلارى بەشێوەى کاش فرۆشراوە، ئەوەى دیکەشى بەشێوەى حەواڵە بووەو نرخى هەر دۆلارێک بە 1460 دینار دیاریکراوە.  

 

جەبار گۆران وتى "راستە فرۆشى بانکى ناوەندى زیادیکردووە، بەڵام هێشتا خواستى لەسەر دراوى بیانى بۆ هاوردەکردنى کالا بەهۆى زیادبوونى خەرجییەکانەوە تێرنەکردووە، ئەوەش هۆکارى بەرزبوونەوەى دۆلارە".

 

ئەو بڕە دۆلارەى بانکى ناوەندى فرۆشتویەتى، زۆرترینى بەشێوەى حەواڵە بووە بۆ هاوردەکردنى کاڵا کە زیاتر بووە لە 180 ملیۆن دۆلار، لەکاتێکدا تەنها 26 ملیۆن و 700 هەزار دۆلارى بەشێوەى کاش فرۆشراوە.

 

گەیشتنى نرخى 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار لەکاتێکدایە، نرخى فەرمى بانکى ناوەندى کەمترە و بە 146 هەزار دینار جێگیرکراوە، دیاریش نییە نرخەکە زیاتر هەڵدەکشێت یاخود نا.

 

جەبار گۆران پێشبینیکرد، نرخى دۆلار تا ماوەیەک لەنێوان 149 هەزار دینار بۆ 150 هەزار دینار یارى بکات، بەڵام لەوە زیاتر نەچێتە خوارەوە، هەروەها بەدوری زانى 100 دۆلار بۆ سەرووى 155 هەزار بەرزبێتەوە، چونکە بەوتەى ئەو، ئەوە شڵەژانى ئابورى دروستدەکات.

 

"جیاوازى نرخ لەگەڵ بانکى ناوەندى تا چوار هەزار دینار ئاساییە، بەڵام لەوە زیاتر شڵەژان لە بازاڕدا دروستدەکات، پێموانییە بانکى ناوەندى گوریسەکە بداتە دەست بازاڕ و دەست شلبکات لەو بارەیەوە".

 

لە 20ی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریدا نرخی هەر دۆلارێک بەهەزار و 450 دینار جێگیربکات، لە کاتێکدا پێش ئەو بڕیارە بەرانبەر بەهەزارو 220 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.

 

بەپێچەوانەى سەرەتاى ئەمساڵەوە کە بڕیارى دابەزینى بەهاى دینار شڵەژانێکى زۆرى لە بازاڕدا دروستکرد، بازدانەکەى ئەمڕۆى دۆلار بەبێ شڵەژان تێپەڕى، ئەوەش بەهۆى نزیکى مامەڵەکردن بەو نرخە بەدرێژایی دوو هەفتەى رابردوو.

 

جەبار گۆران وتى "ئەمجارە شڵەژان دروستنەبوو چونکە نرخەکە وردە وردە بەرزبووەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێک زیانیان کردووە و هەندێکی دیکەش قازانجیان کردووە".