گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

ڕاگەیەندراوێکى توندى کەجەکە دژ بە پارتى ’ ئامانجی دەوڵەتی تورک و پەدەکە بووەتە یەک’

2021.06.06 - 17:20
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەندراوێکى توندى کەجەکە دژ بە پارتى ’ ئامانجی دەوڵەتی تورک و پەدەکە بووەتە یەک’

ناس کورد- 

لەسەر ڕوداوەکەى مەتینا و گرژى و ئاڵۆزییەکانى چەند ڕۆژى ڕابردوو، کۆما جڤاکین کوردستان (کەجەکە) ڕاگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پارتى خۆى ڕادەستى سوپاى تورک کردووە و هەوڵى ڕزگارکردنى ئەو سوپایە لەشکست دەدات کە بەدەستى گەریلا بەبنبەست گەیشتووە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کۆما جڤاکین کوردستان (کەجەکە) (6ى حوزەیرانى 2021) لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، پارتى هەوڵ دەدات تورک لەتێکشکاندن و ڕووخان ڕزگار بکات لەکاتێکدا شەڕى گەریلا لەدژى دەوڵەتى داگیرکەر چڕبووەتەوە و سوپاى تورکیش بەبنبەست گەیشتووە".

 

دەشڵێت، پارتى (پەدەکە) لەدژى ناوچەکانى گەریلا دەستى بەهێرشى گەمارۆدان کردووە و لەئەنجامى ئەوەدا شەڕ لەنێوان گەریلا و پەدەکەدا ڕوویدا و ئەوەى پارتى پێشتر بەنهێنى دەیکرد ئێستا بەئاشکرا دەیکات.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، پارتى خۆى خستووەتە ژێر دەستى سوپاى داگیرکەرى تورکیا و پاکتاوکار و دەبێت خەڵکى کوردستان لەدژى ئەو کارەى پارتى لەهەموو شوێنکیدا هەڵویست نیشان بدەن.



دەقى ڕاگەیەنراوەکەى  هاوسەرۆکایەتیی دەستەى بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە):

 

پەدەکە هەوڵ دەدات دەوڵەتى تورک لە تێکشکاندن و رووخان رزگار بکات

 

“لە کاتێکدا شەڕی گەریلا لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر چڕ بووەتەوە و سوپای تورک بە بنبەست گەیشتوە، پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە دژی ناوچەکانی گەریلا دەستی بە هێرشی گەمارۆدان کرد. لە ئەنجامی ئەوەدا لە نێوان هێزە تایبەتەکانی پەدەکە و گەریلا شەڕ روویدا. پەدەکە بەو هەڵوێستەى خۆی بە شێوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا بەشداری شەڕ بووە، ئەوە هاوبەشیکردن و شەریکایەتییە لە شەڕدا، کە تاوەکو ئێستا بە شێوەکی شاراوە بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئیدی ئاشکرا بووە، پەدەکە بەو کارەی هەوڵ دەدات دەوڵەتی تورکی هاوبەشی خۆی لە تێکشاندن و رووخان رزگار بکات، بۆ ئەوەش ناوچەکانی گەریلا گەمارۆ دەدات.

 

ئامانجی دەوڵەتی تورک و پەدەکە بووەتە یەک

ئێستا ئامانجی دەوڵەتی تورک و ئامانجەکانی پەدەکە بوونەتە یەک. شەریکایەتیی لە شەڕیشدا لە چوراچێوەی بوون بە یەکی ئامانجەکانیاندایە. ئامانجەکەشیان ئەوەیە، گەریلا لەو شوێنانەدا، کە ماوەی ٤٠ ساڵە تیادایەتی، بە شەڕ بێکاریگەر بکەن تاوەکو نەتوانێت لە دژی دەوڵەتی تورک تێکۆشانی ئازادی بەڕێوە ببات. هیچ جیاوازییەک لە نێوان هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتی تورک و گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا لەلایەن پەدەکەوە نییە و تەنها رۆڵ و نەقشیان جیاوازە، رۆڵی دەوڵەتی تورک چەکوشە و رۆڵی پەدەکەش سندانە.

 

هەپەگە زۆر جار داوای لە پەدەکە کردووە دەست لە سیاسەتی گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا هەڵبگرێت، بەڵام لەبەر ئەوەى لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە هاوکاریدایە، دەستی لەو سیاسەتەی هەڵنەگرتووە. بە تایبەتی لە هەستیارترین ساتەکانی شەڕی نێوان گەریلا و دەوڵەتی تورک دا دەستوەردان دەکات و هەوڵ دەدات دەوڵەتى تورک، کە لاواز بووە هێزی بەبەردا بکاتەوە. بەو شێوەیە پشتگیری لە داگیرکەریی پاکتاوکاری دوژمنی کوردان دەکات، کە ئەوە وەک رووڕەشی لە مێژووی گەلی کورددا دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا، کە پەدەکە دەیویست لەگەڵ ئێمە چاوپێکەوتن ئەنجام بدات، گفتوگۆ لەسەر کێشەکان بکات و هەندێک چاوپێکەوتنیش ئەنجامدران، گرتنەبەری هەنگاوێکی لەو شێوەیە بە مانای فریودان و پیلانگێڕییە لە دژی بزووتنەوەکەمان.

 

پەدەکە لە هەر شەڕ و لە دەستدانێک بەرپرسیارە

ئاشکرایە گەمارۆدانی ناوچەکانی گەریلا بۆ دابڕاندنی ناوچەکانی گەریلایە لەیەکتر، ئەوە بە مانای راگەیاندنی شەڕە لە دژی گەریلا. چەند رۆژ لەوە پێش فازڵ میرانی بەرپرسێکی پەدەکە وتی، دەبێت لە دژی گەریلا شەڕ بکرێت. ئەو وتەیە بۆ خۆی ئەوە نیشان دەدات، کە بۆ کارێکی لەو شێوەیە ئامادەکارییان کردووە، بۆیە پەدەکە لە روودانی هەر شەڕ و لە دەستدانێک بەرپرسیارە.

 

رای گشتیی کورد باش دەزانێت، کە دەوڵەتی تورک ماوەیەکی درێژە بۆ داگیرکردنی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هێرش ئەنجام دەدات. گەریلا لە دژی ئەو ھێرشانە بە شێوەیەکی فیدایانە بەرخودانێکی بێ هاوتای نیشانداوە. دووەمین گەورە سوپای ناتۆ لە هەندێک ناوچەى سەر سنووردا چەقیوە. گەریلا بە رێباز و تاکتیکی نوێ، تەکنیک و هێزی شەڕی سوپای تورکی پووچ کردووەتەوە. سەرباری ئەوەى راستییەکە بەوشێوەیەیە، پەدەکە هەڵدەسێت ئەو بەرخودان و داگیرکەرییەی دەوڵەتی تورک وەک یەک نیشان دەدات. بە تایبەتی لەبارەی داگیرکەرییەوە هیچ ناڵێت، بەڵام گەریلا تاوانبار دەکات. مەسرور بارزانی لە ناو پەدەکەدا هەموو جارێک باس لە دوژمنایەتیی خۆی بەرامبەر بە پەکەکە دەکات، بۆ ئەوەى ئەنجوومەن (پەرلەمان) لە هەولێر لە دژی داگیرکەری هەڵوێست نیشان بدات هیچ داوایەکی لێیان نەبوو، بەڵام داوا دەکات لە دژی گەریلا هەڵوێست وەربگرن. بەو داوایە عەقڵییەت و سیاسەتی خۆی خستەبەرچاو. ئاشکرایە ئەوە عەقڵییەت و هەڵوێست و سیاسەتی کورد نییە. 

 

پشتیوانی لە دەوڵەتی تورک غەفڵەتێکی مێژووییە

زۆر جار ئەوە سەلمێنراوە، کە باشووری کوردستان لەلایەن پەکەکەوە دەپارێزرێت. کەس ناتوانێت قسە لەسەر خواستی پەکەکە بۆ پاراستنی باشووری کوردستان بکات. کاتێک داعش خۆی گەیاندە بەردەم هەولێر، گەریلا دەستێوەردانی کرد. مەسعود بارزانی سپاسی گەریلای کرد و دەوڵەتی تورکی تاوانبار کرد، کە لە دژی داعش پشتیوانیی نەکردوون. لە ناو راستییەکی وەهادا تاوانبارکردنی گەریلا، کە لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بەرەنگاری و بەرخودان دەکات پێچەوانەکردنەوەى راستییەکانە. پشتیوانیکردن لە گەریلا بە لایەک، بەڵام پشتیوانیکردن لە دەوڵەتی تورک بە سوکترین قسە و وتە، بە مانای غەفڵەتێکی مێژووییە.

 

ئەوەى دەبێت هێزە سیاسییەکان و پەرلەمانی باشووری ئەنجامی بدەن، ئەوەیە لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشان بدەن و داوا لە دەوڵەتی تورک بکەن بە خێرایی لە خاکی کوردستان بڕواتە دەرەوە. لە بری ئەوەى ئەو کارە بکەن، دەوڵەتی تورک و گەریلا وەک یەک نیشان دەدەن و داوا لە گەریلا دەکەن دەست لە بەرخودان هەڵگرێت و  دەست لە ناوچەکانی بەرخودان بەردات. ئەو داوایە خزمەت بە سیاسەتی دەوڵەتى تورک دەکات، چونکە دەوڵەتى تورک دەیەوێت بە پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادی کوردان پاکتاو بکات و بیانسڕێتەوە.

 

دەبێت هەموو کورد لە دژی پەدەکە هەڵوێست وەربگرن

ئەو ئەرکەى دەکەوێتە ئەستۆی رۆشنبیران، هونەرمەندان، سیاسەتمەداران، رێکخراوە دیموکراتیکەکان و گەلی کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان ئەوەیە، کە لە دژی ئەو هێرشانەى پەدەکە هەڵوێست وەربگرن. داوا لە گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان دەکەین، کە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵوێست نیشان بدەن. ئەم کات و قۆناغە بۆ گەلی کورد کاتێکی مێژوییە. لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و پاکتاوکار، کە سەرۆکایەتی بۆ دوژمنایەتیکردنی کوردان دەکات، ئەگەر هەڵوێست نیشانبدرێت و تێکۆشان بەڕێوەببرێت، ئەوا داهاوتوی گەلی کورد لە هەر چوار پارچە رووناک و ئازاد دەبێت. ئەگەر لە دژی ئەو هێرشە پاکتاوکارییە هەڵوێستی هاوبەش نەبێت و تێکۆشان بەڕێوەنەچێت، ئەوا هەر چوار پارچەکەی کوردستان دەکەونە بەر مەترسییەکی گەورە. دەبێت هەموو کوردێک ئەو مەترسییە ببینێت و بە بەرپرسیاریی مێژووی بجوڵێتەوە.