ناس کورد-
بڕیارە سبەینێ وەزیری ناوخۆ بچێتە پەرلەمانی کوردستان و لەبارەی بڕیاری ڕێکخستنەوەی یەکەی پاسەوانی گفتوگۆ بکرێت، جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆش لە پەرلەمان دەڵێت، نزیکەی 70 هەزار پاسەوان لە هەرێمی کوردستان هەن و ڕێژەکە زۆر زۆرە، دەشڵێت، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش پاسەوانیان هەیە و موچە لە حکومەت وەردەگرن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بڕیارە سبەینێ دووشەممە 7ی حوزەیرانی 2021، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بچێتە پەرلەمانی کوردستان و لەگەڵ لیژنەی ناوخۆ و ئاسایشی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە.
باڵانبۆ محەمەد، جێگری سەرۆکی لیژنەکە بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر بڕیاری ڕێکخستنەوەی یەکەی پاسەوانی و ژمارەی پاسەوانان لە هەرێمی کوردستان و پێویستە حکومەت وەڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە.
وتیشی، "لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 70 هەزار پاسەوان بوونیان هەیە کە ئەوە ڕێژەیەکی زۆر زۆرە و قورساییەکی زۆری لەسەر بودجەی حکومەت دروست کردووە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "جگە لەوە بەهۆی هەبوونی چەند یەکەیەکی پاسەوانیی جیاواز، ئەو پرسە زۆر ئاڵۆزە و پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە، بەڵام پێویستی بە میکانیزم و کاری گونجاو هەیە، نەوەک بە هەڕەمەکی بڕیار بدرێت، بۆ نمونە بەگوێرەی بڕیارەکە یەکەی پاسەوانیی پێشمەرگە دەخرێتەسەر یەکەی پاسەوانیی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام موچەی پێشمەرگە زۆر کەمترە لە کارمەندی وەزارەتی ناوخۆ."
"کەواتە ناکرێت لەوکاتەدا دوو کەس لە شوێنێکدا یەکێکیان موچەکەی ملیۆنێک بێت و ئەوی دیکەش 500 هەزار، لە بەرامبەردا ئەگەریش موچەکە زیاد بکرێت، ئەوا خەرجییەکی زیاتر دەکەوێتەسەر حکومەت، نەک کەمکردنەوەی خەرجی."، باڵانبۆ محەمەد وا دەڵێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش باسی لەوەشکرد، "لە هەرێمی کوردستان زۆر کەس پاسەوانی بۆ دانراوە، بەڵام پێویستە حکومەت وەڵامی ئەوە بداتەوە کە ئایا ئاسایشی هەرێم سەقامگیر نییە تا ئەو پاسەوانانەی بۆ بەرپرسان داناوە؟ یاخود ئایا ئەو پاسەوانانە بۆ پاراستنی بەرپرسانە لە مەترسیی دەرەکی، یاخود لە مەترسی لە ناوخۆ، یاخود لەسەر چ بنەمایەک ژمارەی پاسەوان دیاری دەکرێت، بۆیە دەبێت ئەوانە ڕوونبکرێنەوە کە مەبەست لە دانانی پاسەوان چییە
ئەوەشی خستەڕوو، "نەک تەنها بەرپرسانی حکومی، یەکەی پاسەوانی حزبیش هەیە و بەرپرسانی حزبەکان چەندین پاسەوانیان بۆ دانراوە، تەنانەت حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانیش پاسەوانیان هەیە و بۆ نمونە مەڵبەندی کۆمەڵی دادگەریی پاسەوانی حکومی دەیپارێزێت و حزبەکانی دیکەش بەهەمانشێوە.