گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح: بوونی پەکەکە لە هەرێم نایاساییە و پێویستە تورکیاش بکشێتەوە

2021.06.06 - 11:27
App store icon Play store icon Play store icon
بەرهەم ساڵح: بوونی پەکەکە لە هەرێم نایاساییە و پێویستە تورکیاش بکشێتەوە

ناس کورد-

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئیدانەی هێرشەکەی دوێنێی پەکەکەی بۆسەر پێشمەرگە کرد و ڕایگەیاند، بوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە هەرێمی کوردستان "نایاساییە" و هەروەها "پێویستە سوپای تورکیا لە خاکی عێراق بچێتەدەرەوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر زاری وتەبێژەکەی (6ی حوزەیرانی 2021) ڕایگەیاند، "بە نیگەرانییەوە دەڕوانینە ئەو هێرشەی کە دوێنێ کرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە پارێزگای دهۆک کە بەهۆیەوە ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە".


ڕاشیگەیاند، "دەبێت بەزووترین کات کۆتایی بەو جۆرە ڕووداوانە بهێنرێت، بوونی چەکدارانیی پەکەکە لە ناو خاکی عێراق یاسایی نییە و دەستور ڕێگە بەوە نادات خاکی عێراق بەکاربهێنرێت بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ".


وتەبێژەکەی سەرۆکایەتی کۆمار داواشی کردووە، "دەبێت سنورێک بۆ ئەو ڕووداوانە دابنرێت و چیدی ئاسایشی و ژیانی هاوڵاتیان و سەقامگیری عێراق نەکرێتە ئامانج".


هاوکات ئاماژە بەوەشکراوە، "عێراق جەخت دەکاتەوە لەسەر پرنسیپی دراوسێیەتی لەگەڵ تورکیا لەسەربنەمای ڕێزگرتن لەسەروەری خاکی عێراق، بۆیە پێویستە تورکیا هێزەکانی لە ناوچەکانیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانیی موسل بکشێنێتەوە، بۆیە دەبێت کێشە سنورییەکان لەڕێگەی هەماهەنگی و وتووێژە چارەسەر بکرێت".


سەرۆکایەتی کۆمار جەختی لەوەشکردووەتەوە، "بۆردوومانکردنی کەمپی مەخمور لەلایەن تورکیاوە سەرپێچیەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە ودژ بە پرنسیپە مرۆڤایەتییەکانە".