ناس کورد-
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، هێزەکانی پەکەکە لە هێرشەکەیان بۆسەر پێشمەرگە لە چیای مەتینی ئامێدی "چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتی پێشمەرگە دووەم ڕاگەیەنراوی لەبارەى هێرشی پەکەکە بۆسەر هێزێکی زێرەڤانی لە چیای مەتینی قەزای ئامێدی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "لە ئەنجامی پەلامارەکەی ئەمڕۆ (5ی حوزەیرانی 2021) لە چیای مەتین ـ سنوری قەزای ئامێدی، کاروانێکی هێزی پێشمەرگە لەلایەن هێزێکی پەکەکەوە دەستدرێژیەکی بێ پاساویان کرایە سەرو لەئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوت پێشمەرگەی تریش برینداربوون."
دەشڵێت، "لەم هێرشەدا هێزەکانی پەکەکە چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه، لەکاتێکدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنورە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەبووە، وەک هەر ناوچەیەکی تری سنووری هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت، جوڵە و سەنگەرسازی پێویست بکات."
وەزارەتی پێشمەرگە داوای لە حکومەتی عێراق کردووە "بەخێرایی بێتە سەر خەت و ڕێگە لە لەشکرکێشی و پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا بگیرێت، هەروەک داواش لە هێزەکانی پەکەکە دەکەین ڕێز لە سنوور و سەروەری خاکی کوردستان بگرێت و شەڕ لەماڵی کورد و هەرێمی کوردستان دووربخاتەوە."
"ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە سەرکۆنەی توندی ئەم پەلامارە دەکەین و هۆشداریش دەدەین کە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان، رەوشی لەوجۆرە ناخوازێت و دەبێ دەستدرێژیەکانی پەکەکە و هەموو پەلامارو دەستدرێژیەک بۆ سەر هەرێم و هێزی پێشمەرگە رابگیرێت، کە ئەرکی سەرەکی پێشمەرگە لەئێستادا پاراستنی خاکی هەرێم و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشە."
لە کۆتاییدا "پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ئەم پەلامارە دەکەین و شیفای خێراش بۆ برینداران دەخوازین."