گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

وتەبێژی تەندروستیی هەڵەبجە: هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوم لێکراوە

2021.06.03 - 19:04
App store icon Play store icon Play store icon
وتەبێژی تەندروستیی هەڵەبجە: هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوم لێکراوە

ناس کورد-

لەسەر کەیسی ئەو د. باخان تاڵەبانی، ئەو پزیشکەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە بە ئەنجامدانی "گەندەڵی" تۆمەتبار دەکات، وتەبێژی تەندروستیی هەڵەبجە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، د. باخان چووەتە ماڵیان بە نهێنی وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی تۆمار کردووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی کردووە، دەشڵێت نۆ ملیۆنی 60 پزیشکی "دزیوە" بۆیە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

د. باخان ئازاد کە پسۆڕى نەشتەرگەرى گشتییە لەشارى هەڵەبجە دواى ئازاد کردنى لە زیندانى ئاسایشى سلێمانى لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا (3ى حوزەیرانى 2021) ڕایگەیاند، " دواى ئاشکرا کردنى چەند دۆسییەیەکى گەندەڵى لەکەرتى تەندروستیى شارى هەڵەبجە، لەڕۆژى 31ى مانگى ئایارى 2021 بەشێوازێکى نایاساییانە کە شۆفێریم دەکرد هاتنە سەر ڕێگام و لەسەر سکاڵاى یاساى بەتۆمەتى ناوزڕاندن دەستگیریان کردم".

 

لەبارەی ئەو پرسەوە، د. شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی تەندروستیی هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (پێنجشەممە 3ی حوزەیرانی 2021) ڕایگەیاند، "باخان ئازاد بەهیچ شێوەیەک لەسەر ئەو قسانەی لەماوەی ڕابردوودا کردی دەستگیرنەکراوە و لەسەر سکاڵای من دەستگیرکراوە، با ڕۆژنامەنوسان بچن بەدواداچوون بکەن  بزانن لەسەر چی دەستگیرکراوە."

 

وتیشی، "ئەو پزیشکە واژۆی بەڕێوەبەر و جێگری بەرێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجەی ساختە کردووە و پارەی زیاتر لە 60 پزیشکی خواردووە کە نزیکەی نۆ ملیۆن دینارە هەر بۆیە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە."

 

باسی لەوەشکرد، "ئەو هاتووەتە ماڵی ئێمە و لە ماڵمان ماوەتەوە، بەڵام بە نهێنی وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی من تۆمارکردووە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوە وێنە و ڤیدیۆی نەشیاوم لێدەکات، بۆیە من سکاڵام لەسەر تۆمارکردووە لە دادگای سلێمانی و داواتر کەیسەکە ڕەوانەی ئاسایشی سلێمانی کراوە."

 

د. شاناز نەقشبەندی باسی لەوەشکرد، "کێشەی ئەو ئەوەیە کە من کراوم بە وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە، بەڵام من بە مافی خۆم ئەو پۆستەم وەرگرتووە."

 

ماوەیەک لەمەوبەر. د. باخان ئازاد لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە "هەندێک کاری نایاسایی" لە بەرێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە کرد و هەندێک لەو کەموکوڕیانەی خستەڕوو.

 

دواتر و ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆنفرانسێکی دیکەدا ڕایگەیاند، لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراوە و ئازاری دەروونی دراوە.

 

باسى لەوەش کرد، پێشتریش بانگیان کردووە بۆ ئاسایش و داواى پڕکردنەوەى بەڵیننامەیان لێکردووە کە نابێت باسى گەندەڵییەکانى کەرتى تەندروستیى هەڵەبجە بکرێت.

 

د. باخان ئەوەشى خستەڕوو، "لە ئاسایش لەگەڵ ژنانى کەسوکارى داعش و تیرۆریست و تۆمەتبارانى مادە بێهۆشکەرەکاندا دەستبەسەر بووم، ڕێکخراوێکى سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکانیش هات، بەڵام نەیانهێشت بیانبینم."

 

ئەو دکتۆرە وتیشى، کەسوکاریان زۆر ماندوو بێزار کردووە و دەستى دەستیشیان پێکردووە و دادوەریش بڕیارى ئازاد کردنى داوە، بەڵام بۆ شەڕو ئازارى دەروونى دوو ڕۆژ دواى فەرمانى ئازاد کردنەکەش لەزیندان هێشتوویانەتەوە.

 

د. باخان ئەوەشى ئاشکرا کرد، "هەڕەشەى ئەوەم کرد کە وەکو زانا محمەدى قایمقامى پێشووترى سلێمانى خۆم دەخنکێنم ئینجا ئازادیان کردم."

 

ئەو دکتۆرە داواشى لە دادوەرى ئاسایش کرد، کە بێ لایەنانە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بکات و نەچێتە ژێر کاریگەرى هیچ لایەنێک.

 

لە بەشێکى ترى وتەکانیدا دکتۆرە باخان بەرگرى لەبەشێک لەو زیندانى کراوانە کرد کە لەناو ئاسایشدان و بەوتەى ئەو بەبێتاوان دەستگیرکراون و داواشى لەڕێکخراوە تایبەتمەندەکان کرد بچنە هانایانەوە.