گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

لیژنەیەک لە پەرلەمانى عێراق بۆ بەدواداچوونى بڕینەوەى دارستانەکانى بادینان پێکهێنرا

2021.06.02 - 23:07
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەیەک لە پەرلەمانى عێراق بۆ بەدواداچوونى بڕینەوەى دارستانەکانى بادینان پێکهێنرا

ناس کورد-

نوسینگەی ڕاگەیاندنی جێگیری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، بەشیر حەداد لیژنەی بەرگریی و ئاسایشی پەرلەمانی راسپاردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆپرسی بڕینەوەی دارستانەکانى ناوچەی بادینان بکەن کە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدراوە، ئاماژە بەوەش کراوە "حەداد لەسەر ئەو دۆسیەیە لەگەڵ باڵوێزی تورکیا لەبەغدا کۆبووەتەوە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نوسینگەکە (2ی حوزیرانی 2021) لە ڕاگەیەندراوێکدا کەوێنەیەکی دەست "ناس کورد" کەوتووە بڵاوی کردەوە "بەشیر حەداد، جێگیری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لیژنەی بەرگریی و ئاسایشی  پەرلەمانی ڕاسپاردووە بەدواداچوون بۆ پرسی تێکدان و بڕینەوەی دارستانەکانی ناوچەی زاخۆ و ئامێدی لە دەڤەری بادینان بکەن کە سوپای تورکیا بەو کارە تۆمەتبار کراوە".

 

ئاماژە بەوەش کراوە "هەر بەهۆی ئەو بابەتەوە، حەداد لەگەڵ باڵوێزی تورکیا لەبەغدا کۆبووەتەوە و پێی ڕاگەیاندووە کە ئەو بابەتە ناڕەزایەتییەکی توندی لەلایەن عێراقییەکانەوە لێکەوتووەتەوە".

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، باڵوێزی تورکیا لەبەغدا بەجێگرى دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی وتووە "کە تورکیا ئەو پڕۆسەیەی لەناوی خاکی خۆیدا ئەنجام داوە کەنزیکە لەسنورەکانی عێراقەوە".

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، بەشیر حەداد بەباڵوێزی تورکیای ڕاگەیاندوووە "بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە و بۆردوومانە هەرەمەکییەکانیی زیانی گەورەی بە هاوڵاتیانی سیڤلی دانیشتوانی گوندەکانیی هەرێمی کوردستان گەیاندووە ئەو کارەش کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بۆیە دەبێت کێشەکانی تورکیا لەگەڵ پەکەکە بەڕێگەی دانوستان چارەسەر بکرێت".

 

دوێنێ (سێشەممە) وەزیری کشتوکاڵی عێراق  لەسەردانێکدا بۆ هەرێمی کوردستان لەبەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی هەرێم سەرکۆنەی کردارەکانی سوپای تورکیایان کرد لە زیان گەیاندن بە ژینگەی هەرێم و تێکدانی دارستانەکانی، ئەو کارەیان بەڕەفتاری دوژمنکارانە لە قەڵەمدا". 

 

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، وێنەی بڕینەوەی ژمارەیەکی زۆری دار لەدەڤەری بادینان بڵاوکراوەیە، وێنەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کەدارەکان بەشێوەیەکی ڕێکخراو بڕدراونەتەوە و لەلایەن ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی تورکیاوە بار دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ ناو خاکی ئەو وڵاتە".