گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

شیکار؛ چۆن پارەى موچەى فەرمانبەران ’’بوو بە هەڵم’’؟

2021.06.02 - 15:44
App store icon Play store icon Play store icon
شیکار؛ چۆن پارەى موچەى فەرمانبەران ’’بوو بە هەڵم’’؟

ناس کورد-

 

دواکەوتنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم دەرگاى شیکار و لێکدانەوەى جیاوازى کردووەتەوە لەبەردەم چارەنوسى موچە و ئەو پارەیەى مانگانە بۆى تەرخاندەکرا، لەگەڵ ئاشکرانەکردنى هۆکارى سەرەکى کێشەکە لەلایەن لایەنى پەیوەندیدار کە وەزارەتى داراییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دواى چوار مانگ لە پێدانى موچەى فەرمانبەران لە 30 رۆژدا، کێشەى دابەشکردنى موچە لەهەرێم سەریهەڵدایەوە، کاتێک وەزارەتى دارایی دەستیکردەوە بە راگەیاندنى رۆژانەى لیستى موچەى وەزارەتەکان.

 

لەچوار مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا لەماوەى رۆژانى 25-30 مانگ موچەى سەرجەم وەزارەتەکان دابەشدەکرا، بەڵام بۆ موچەى ئایار لەماوەى هەشت رۆژدا تا ئێستا موچەى چوار وەزارەت و بەشێک لە پێشمەرگە دابەشکراوە و دیار نییە وەزارەتەکانى دیکە کەى موچە وەردەگرن.

 

کێشەکە کاتێک سەریهەڵدا چاوەکان لەسەر کۆتایی هێنان بوو بە لێبڕینى 21%ى موچە و بڕیارى حکومەت لەو بارەیەوە، بەڵام جگە لەوەى لێبڕین کۆتایی نەهات بەشى زۆرى فەرمانبەران هێشتا نازانن کەى موچەکەیان پێدەدرێت.

 

لەگەڵ سەرهەڵدانەوەى کێشەى موچە، بەرپرسانى باڵاى حکومەت چەند لێدوانێکى جیاواز و دژبەیەکیاندا لەبارەى هۆکارى کێشەکە، جگە لەوەى فەرمانبەرانیان دڵنیاکردەوە لە وەرگرتنى موچەکانیان، بەڵام رانەگەیاندنى خشتەى تەواوى موچە فەرمانبەرانى لە نادڵنیاییدا هێشتەوە.

 

رۆژى 26ى ئایار، رێباز حەملان ڕاوێژکاری مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم چارەسەربونى کێشەی کەمی پارەى بۆ دابەشکردنی موچە راگەیاند، بەڵام چەند کاتژمێرێک دواتر وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە ماوەیەکی کورتدا کێشەکە چارەسەر دەکرێت و موچەی هەموو وەزارەتەکان دابەش دەکرێت.

 

چوار رۆژ دواتر و رۆژى 30 ئایار، جوتیار عادل وتەبێژى حکومەت لەلێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا بۆ میدیاى سەرۆکى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، بەربەست و گرفت هەیە لەبەردەم دابەشکردنى موچە و هیوادارن لەچەند رۆژى داهاتوو چارەسەر بکرێن.

 

زیاد جەبار سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان رۆژى یەکشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند "بەدواداچوون بۆ دواکەوتنى دابەشکردنى موچە دەکەین، لەبەرئەوەى پێشتر چارەسەربوونى کێشەى نەهاتنەوەى داهاتى نەوت راگەیەنرابوو".  

  

زیاد جەبار کە هاوکات سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى یە وتیشى "تائێستا ئێمە هۆکارەکەى نازانین، حکومەت دەڵێت پارەکە حازرە و لەگەنجینەکان پارەى داناوە بۆ دابەشکردنى موچە، بەڵام نازانرێت بۆچى موچەى سەرجەم فەرمانبەران دابەشناکات".  

 

حکومەتى هەرێم بۆ دابەشکردنى موچە بە لێبڕینى 21% پێویستى بە 707 ملیار دینارە و بەوتەى بەرپرسانى حکومەت داهاتى ئێستا بەشى ئەوەناکات موچەى تەواوەتى دابەشبکرێت.

 

لەگەڵ سەرهەڵدانى کێشەکە شەڕێکى راگەیاندنى توند کەوتە نێوان پارتى و یەکێتى یەوە و هەریەکەیان ئەوەى دیکەى بەهۆکارى کێشەکە تۆمەتبارکرد، پەرلەمانتاران و بەشێک لەبەرپرسانیش هۆکار و لێکدانەوەى جیاجیا دەخەنەڕوو، بەڵام هێشتا دیار نییە چۆن پارەى موچە بەخێرایی بوو بە هەڵم.

 

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەى دارایی (گۆڕان) (1ی حوزیرانی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند "بەگوێرەی زانیارییەکان ئەم مانگە یەکێتی کەمتر لەو ڕێژەیەی بۆی دیارکراوە داهاتی سنورەکەی ڕادەستی وەزارەتی دارایی کردووە کە 43% یە".  

  

وتیشى "کێشەکە تائێستا بەردەوامە ئەو دەنگۆیانەشی کە باسی ئەوەیان دەکرد کەپرسەکە چارەسەرکراوە و موچە لە ماوەیەکی کورتدا دابەشدەکرێت دوورن لەڕاستییەوە".  

 

پارەى موچە مانگانە لە داهاتى نەوت و ناوخۆ و دەروازە سنورییەکان کۆدەکرێتەوە و رادەستى دارایی دەکرێت، بەڵام بەتەواوى دیار نییە ئەم مانگە چەندە خراوەتە گەنجینەى داراییەوە و وەزارەتەکەش بەفەرمى هیچ رونکردنەوەیەکى لەو بارەیەوە نەداوە.

 

عەلى حەمەساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان رۆژى سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا هۆکارى کێشەکەى گەڕاندەوە بۆ ئەوەى پارەی پێویست ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و حیزب دەستی بەسەر داھاتدا گرتووە.

 

وتیشى "جگە لە داھاتی ناوخۆ تاوەکو ئێستا داھاتی نەوتیش نەھاتوەتەوە خەزێنەی گشتی، بۆیە دابەشکردنی موچە لە ئاستێکی زۆر سستدایە".

 

عەلى حەمەساڵح جەختیکردەوە، ئەرکی وەزیری داراییە لە زووترین کاتدا بێتە پەرلەمان و ھەموو ئەو ڕاستیانە بڵێت.

 

جگە لە هۆکارى نەبوونى پارەى پێویست بۆ دابەشکردنى موچە، هەندێک بەدورى نازانن هۆکارەکە سیاسی بێت و پەیوەندى بە هاوپەیمانێتییەکانەوە هەبێت بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق.

 

دڵشاد عەبدولڕەحمان سیاسەتمەدار کە لەکابینەى حەوتەمى حکومەتى هەرێمدا وەزیرى پەروەردە بوو لە پشکى یەکێتى ئەمڕۆ چوارشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند "یەکێک لەهۆکارەکانى  دواکەوتنى موچە، هاوپەیمانى نێوان یەکێتى و گۆڕانە کەپارتى قەڵس و ئیزعاج کردووە ".  

  

وتیشى "پارتى نایەوێت ئەو ئیستیقرارى موچەیەى کەلەمانگەکانى پێشوودا هەبووە، وەک دەستکەوت بۆ یەکێتى و گۆڕان لێکبدرێتەوە، لەکاتێکدا وەزیرى دارایى لەگۆڕان و یەکێتیش پێکهێنەرێکى گرنگى حکومەتە".  

  

پارتى کە پێکهێنەرى سەرەکى حکومەتە و زۆرینەیە لەپەرلەمان لەسەر ئاستى پەرلەمانى یەکێتى بە هۆکارى دواکەوتنى موچە تۆمەتبارکرد و یەکێتیش جگە لەرەتکردنەوە تۆمەتى هاوشێوەى ئاڕاستەى پارتى کرد، بەڵام لەسەر ئاستى باڵاى حزبى تا ئێستا هیچ قسەیەکى لەو بارەیەوە نەکردووە.