ناس کورد-
حەیدەر شەشۆ سەرۆکی پارتی ئێزیدی دیموکرات رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین لە دەستورى هەرێمدا ئیسلام وەک ئاینى سەرەکى دابنرێت چونکە ئەوە "مەترسیدارە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەیدەر شەشۆ ئەمڕۆ چوارشەممە بە دەنگى ئەمریکاى راگەیاند "ئێمە داوای دەستورێکی مەدەنی و دیموکراتی دەکەین، دەستورێک بێت مافی هەموو میللەتێکی کوردستانی تێدا ڕەچاوبکرێت".
لەبارەى پێگەى ئاین لەدەستوردا، شەشۆ وتى "بیروباوەڕی میللەتی ئێمە ئیسلام بێت یان مەسیحی یاخود کاکەیی بێت ئێمە ڕێزی لێدەگرین بەڵام ئەگەر بوترێت دینی ئیسلام دینی کوردستانە ئەوە بابەتێکی زۆر مەترسیدارە."
وتیشى "ئەو پرسە بەڕاستی نابێت وەکو ئەوە بێت کەلە دەستوری عێراقیدا هاتووە بوترێت دینی دەوڵەت دەبێت ئیسلام بێت و هیچ شتێک پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلام نەبێت، ئەگەر وابێت مانای ئەوەیە هیچ دەرفەتێک نادات بە ئاین و پێکهاتەیەکی تر مومارەسەی مافی خۆیان بکەن".
"لەبەرئەوە ئێمە داخوازی دەستورێکی مەدەنی و دیموکراتی و دەستورێک بێت مافی هەموو میللەتێکی کوردستانی تێدا ڕەچاوبکرێت و مافی هەمووانی تێدا پارێزراوبێت بەحوکمی کەمینەو زۆرینە نەکرێت".
شەشۆ جەختیکردەوە، دەبێت لە دەستوری هەرێمدا وەکو ئێزیدی مامەڵەیان لە گەڵ بکرێت، مافی ئێزیدی لەژێر دروشمی "کوردی ڕەسەن" نەخورێت و ون نەبێت.