گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

بافڵ تاڵەبانی داوا دەکات ’’قۆرخی سیاسی و ئابوری’’ نەهێڵرێت

2021.06.01 - 20:57
App store icon Play store icon Play store icon
بافڵ تاڵەبانی داوا دەکات ’’قۆرخی سیاسی و ئابوری’’ نەهێڵرێت

ناس کورد-

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، یەكێتیی نوێ دەیەوێت قۆرخی سیاسی و ئابوری نەهێڵێت و "حوكمڕانییەكی بەرپرسیار و پارێزەری مافی هاوڵاتی دروست بكەین."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بافڵ تاڵەبانی بەبۆنەی 46هەمین یادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە ڕایگەیاند، “ئێمە لە سەرۆکایەتی دەمانەوێت به‌ سوودوه‌رگرتنی ته‌واو له‌ بنه‌ما فیكری و دامه‌زراوه‌ییه‌كانی سۆشیاڵ دیموكرات و پیاده‌كردنی له‌ كۆی سیستمی حوكمڕانیدا، كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین”.

 

هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا جەخت لە بونیادنانی کورستانێک دەکاتەوە کە تێیدا ماف و ئەرکەکان بە دادپەروەرانە و هاوسەنگی دابەشکرابن و دەڵێت، “دەمانەوێت حوكمڕانییەكی بەرپرسیار و پارێزەری مافی هاوڵاتی دروستبكەین، ژیانتان ئاسان و خۆشگوزەران بێت و نەهێڵین بەرژەوەندی سیاسی قەیران لە دوای قەیران بخوڵقێنێت”.

 

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا ڕوونیکردووەتەوە، “بڕوای تەواومان بەوەیە، كە شاڕێی گەیشتن بەم ئامانجانە دروستكردنی باڵانسی هێزە، ڕێزگرتنە لە پێگەی هاوڵاتی و ماف و ئازادییەكان، پابەندبوونە بە دەسەڵاتی دامەزراوەكان و ملكەچكردنە بۆ سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان لە هەموو ئاستەكاندا”.

 

دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

لەم ساڵیادەدا رایدەگەیەنین كە دوای كۆنگرە، یەكێتی نوێ (خه‌باتی مافه‌كان)ی به‌ره‌و پێشبردووه‌. ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی ده‌مانه‌وێت به‌ سوودوه‌رگرتنی ته‌واو له‌ بنه‌ما فیكری و دامه‌زراوه‌ییه‌كانی سۆشیاڵ دیموكرات و پیاده‌كردنی له‌ كۆی سیستمی حوكمڕانیدا، كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ئه‌و واقیعه ‌بخوڵقێنین كه ‌رۆحی شه‌هیدان و ویژدانمان ئاسووده ‌ده‌كات. كوردستانێك بنیادبنێین كە تیایدا ماف و ئەركەكان دادپەروەرانە و بەهاوسەنگی دابەشكرابن. قۆرخی سیاسی و ئابووری نەهێڵین و حوكمڕانییەكی بەرپرسیار و پارێزەری مافی هاووڵاتی دروستبكەین. ژیانتان ئاسان و خۆشگوزەران بێت و نەهێڵین بەرژەوەندی سیاسی قەیران لە دوای قەیران بخوڵقێنێت. بڕوای تەواومان بەوەیە كە شاڕێی گەیشتن بەم ئامانجانە دروستكردنی باڵانسی هێزە، رێزگرتنە لە پێگەی هاووڵاتی و ماف و لە ئازادییەكان، پابەندبوونە بە دەسەڵاتی دامەزراوەكان و ملكەچكردنە بۆ سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان لە هەموو ئاستەكاندا.

تا داڕشتنی دەستوورێكی گەلپەسەند بۆ هەرێم، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ پەرلەمان، كارایی بۆ حكومەت و بە نیشتمانیكردنی هێزە چەكدارەكان، بەكردەوە بەڵێنی ئەوەتان بۆ دەسەلمێنین كە یەكێتی حزبی خەڵكە و بێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و گوشار و بەرژەوەندیی تایبەت، بەرگریكردن لە ماف ‌و بەرژەوەندییەكانتان بە ئامانجی باڵای خۆی دەزانێت ‌و بەرپرسیارە كە خەباتی بۆ بكات. ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەرگامان كراوەیە بۆ هەموو كەس ‌و حزب ‌و لایەنێک تاوەکو لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەكانی خەڵكی كوردستان دەست لەناو دەست ‌و لەپێناو ئایندەیەكی باشتر تێبكۆشین. دەمانەوێت لە ناوخۆی هەرێم لەگەڵ هەمووان كۆدەنگ بین. هەر هێزێكی سیاسی، بۆ بنیاتنانەوەی كوردستان لەگەڵمان بێت، دەستی هاوكاری و برایەتی دەخەینە ناو دەست.

 

لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ‌و ناوچەكە پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش درێژە پێدەدەین ‌و لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان بۆ پاراستنی مافەكانی گەلەكەمان كار دەكەین. لەگەڵ هێز ‌و لایەنە عێراقییەكان پرۆسەی سیاسیی وڵات دەسازێنین، بەڵام سازش ناكەین لەسەر ماف ‌و دەسكەوتەكان، كە بە خوێنی دەیان هەزار قوربانی بەدەستهاتوون. یەكێتی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، لە پارێزگاریكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان و لە خاوەندارێتیكردن لە كەركوك ‌و ناوچە دابڕێنراوەكان.

 

ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی یەكێتی

لە چل ‌و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییەكەتاندا، یاد ‌و تێكۆشانی سەرۆك مام جەلال ‌و سەركردە نەمرەكان و شەهیدەكانمان بەرز دەنرخێنین، یەکێتی ناو یەكێتی ئەمانەتی سەرشانمانە و دەیپارێزین، ئەم رێگایەش كە لە سەركردایەتیی نوێ گرتوومانەتە بەر، هەرچەندە پڕ هەوراز ‌و نشێو بێت، بەڵام هەرگیز كۆڵنادەین ‌و بەردەوام دەبین. جێی شانازیشە كە لەم كاروانەدا تەنها نین ‌و دەبینین ئەندامە دڵسۆزەكانی یەكێتی، خواستیان بۆ چاكسازی ‌و بە پشتگیرییان لە (خەباتی مافەكان) لەگەڵمانن، بۆ پاراستنی مافەكانی خەڵك ‌و دەستكەوتەكانی كوردستان تێدەكۆشین. بۆیە دڵنیاین بە پشتیوانیی ئێوە، بە دروستبوونی كۆدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكان ‌و بە یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان، بەسەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، ئەم كاروانەش دەگاتە ئەنجام ‌و وەك هەمیشە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی پێشەنگ ‌و مێژوویی خۆی دەگێڕێت و لەبەرەی داکۆکیکردن لەخواست و ویستەکانی خەڵک دەبێت.

 

بافڵ تاڵەبانی

ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان