ناس کورد-
ئەگەرچی لە وڵاتانی دنیادا دروستکردنی شوقەی نیشتەجێبوون بۆ نەهێشتن یاخود کەمکردنەوەی ژمارەی کرێنشینانە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان زۆرینەی شوقەکانیش بۆ سەرمایەدارەکانە و نرخەکانیان هێندە گرانە هەژاران و کرێنشینان ناتوانن بیکڕن، هەربۆیە لەکۆی 192 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون، تەنها 564 یەکەی بۆ کەمدەرامەتان بووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینان دەڵێت، دروستکردنی شوقەیەکی 100 مەتریی کوالێتی بەرز 20 هەزار دۆلار (2 دەفتەر)ی تێدەچێت، بەڵام نزمترین نرخی شوقەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر زیاترن و هۆکارەکەشی ئاشکرا دەکات.
بەرهەم سەردار، سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان (سێشەممە 1ی حوزەیرانی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "بەگوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 150 هەزار کرێنشین لە هەرێمی کوردستان هەن و دۆخی بەشێکی زۆریان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و بەهۆی کەمبوونەوەی کار و موچەش بەشێک لە کرێنشینان ناتوانن کرێی خانووەکانیان بدەن."
لەکۆی 192 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون 564 یەکەیان بۆ کەمدەرامەتان بووە
ماوەیەکی زۆرە لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە شوقەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێت، بەوەش لەسەر زەوییەکی کەم ژمارەیەکی زۆر دانیشتووان نیشتەجێ دەبن و تێچوویەکی کەمتری دەوێت.
سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان دەڵێت، "بەداخەوە بەهۆی بێ پلانی حکومەتەوە نەتوانراوە ئەو شوقانە لە خزمەتی هەژاران و کرێنشیناندا بن، چونکە نرخەکانیان هێندە گرانە کرێنیشنان ناتوانن بیکڕن و سودیان تەنها بۆ وەبەرهێن و بازرگانەکانە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ماوەی ڕابردوودا لەکۆی 192 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون کە دروستکراون تەنها 564 یەکەیان بۆ کەمدەرامەتان بووە و بەپێ پێشەکی دراوە پێیان، بەڵام ئەوەی دیکەی بەشێوازی دیکە فرۆشراوە و بۆ کەسانی دەوڵەمەند و سەروو ناوەند بووە و کەمدەرامەتان نەیانتوانیوە بیکڕن."
"شوقەیەکی 100 مەتری 2 دەفتەری تێدەچێت"
سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێم ڕوونیکردەوە، تێچووی هەر مەترێک لە شوقەیەک بە پێداویستیی کوالێتی بەرز 200 دۆلارە، واتە دروستکردنی شوقەیەکی 100 مەتری 20 هەزار دۆلار (2 دەفتەر)ی دەوێت.
تێچووی ئەو نرخە لەکاتێکدایە، لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لەناو شارەکاندا کەمترین نرخی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی لەلایەن وەبەرهێنەکانەوە دروست دەکرێن دەگاتە زیاتر لە 50 هەزار دۆلار (5 دەفتەر) بە پێشەکییەکی زۆر و مانگانەی زیاتر لە 300 دۆلار تا نزیکەی هەزار دۆلار، هەندێکیشیان هێندە گرانن نرخیان دەچێتە سەروو 10 بۆ 20 هەزار دۆلار،
هۆکاری زۆری نرخەکان چین؟
بەرهەم سەردار هۆکاری بەرزی نرخی یەکەکان بۆ بەرتیل دان و فرۆشتنەوەی پڕۆژەکان دەگێڕێتەوە و دەڵێت، "بەشێک لە پڕۆژەکان بە بەرتیل وەردەگیرێن."
"یاخود خەڵک هەبووە بە سەرمایەی 700 هەزار دینار پڕۆژەی وەرگرتووە و کەسانی دیکەی لە پشتەوە بووە، دواتر چەند جارێک پڕۆژەکە فرۆشراوە بە نرخی گرانتر و تا دوایین کەس کە پڕۆژەکەی ئەنجامداوە نرخێکی زۆر لەسەری کەوتووە، بۆیە یەکەکانیی بە نرخێکی گران فرۆشتووە."، بەرهەم سەردار وا دەڵێت.
وتیشی، ئەگەر پڕۆژەکان بەشێوەی ڕێکوپێک بدرێت بە کەسانی بە ویژدان، ئەوا بە نرخێکی کەمتریش دەدرێت بە هاووڵاتیان و وەبەرهێنەکەش قازانج دەکات.
"پڕۆژەیەک بەبێ پێشەکی و بە مانگانەی 100 دۆلار"
سکرتێری کۆمەڵەی کرێنیشانانی کوردستان باسی لەوەکرد، ماوەی ساڵێک زیاتر پڕۆژەیەکیان داوەتە حکومەت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان بەبێ پێشەکی و بە قیستی مانگانەی 100 دۆلار، بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
وتیشی، کۆمپانیا و وەبەرهێنیش ئامادەن پڕۆژەکە بکەن و تەنها پێویستە کە حکومەت ڕەزامەندی بدات و زەوییان بۆ دابین بکات.
لە بەرامبەردا سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی پێیوایە، بەشێک لەو پڕۆژە نیشتەجێبوونانەی لەماوەی ڕابردوودا دروستکراون کاریگەرییان هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی کرێنیشنان.
عەزیز سەعید، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی بە "ناس کورد"ی وت، لەساڵانی ڕابردوودا لەڕیگەی سندوقی نیشتەجێبوونەوە هەندێک کار کرا بۆ کەسانی کەمدەرامەت و لەو ڕێگەیەوە زیاتر لە 11 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست کرا بۆ ئەو کەسانە."
وتیشی، لەڕاستیدا ئەوە کاری وەبەرهێنان نییە و دروستکردنی یەکە بۆ کەسانی کەمدەرامەت کاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە و ئەوەی ڕابردووش وەبەرهێنان پێی هەستاوە دۆخێکی تایبەت بووە.
باسی لەوەشکرد، "لەئێستاشدا لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە چەندین پڕۆژە پێشکەشکراوە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و پڕۆژەکان لە ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنانە لە ئەنجومەنی وەزیران و ڕەزامەندی ئەوانی پێویستە و ئەوان بریار دەدەن کام پڕۆژە قبوڵ بکەن، ناشزانین پڕۆژەکان چۆنن، بەڵام بەگشتی بە لەبەرچاوگرتنی لەسەر نرخەکانیان و کوالێتی پڕۆژەکە و پێشەکی و قیستەکانیان مۆڵەتیان پێدەدرێت."
پڕۆژە دروستکراوەکان چییان بەسەرهاتووە؟
سکرتێری کۆمەڵەی کرێنشینانی هەرێم باسی لەوەکرد، لە سنوری سلێمانی 4534 یەکەی نیشتەجێبوون تەواوبوون و بەشێکی زۆریان تەنها خزمەتگوزاریان ماوە، بەڵام حکومەت بودجەیان بۆ تەرخان نەکات تا تەواو بکرێن و بدرێن بە کرێنشینان.
وتیشی، ئەگەر ئەوانە زوو دابەشبکرانایە، لە قازانجی ئەو یەکانە دەتوانرا بەردەوام یەکەی دیکە دروست بکرێت و ژمارەی کرێنشینان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبووەوە.