ناس کورد-
حەسەن کەعبی، سەرکردە لە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەتەوە و ڕێککەوتوون لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و هەروەها دابەشکردنی دادپەروەرانەى دەسەڵات و یەکلایکردنەوەى کێشەکانی هەرێم و بەغدا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەعبی کە لەگەڵ شاندێکی باڵای سەدرییەکان سەردانی هەولێری کرد ڕایگەیاند، "چەندین بابەتی هەنووکەییمان لەبارەى دۆخی گرنگ و هەستیاری عێراق لەگەڵ سەرکردەکانی کورد تاوتوێ کرد بە تایبەت هەڵبژاردنی تشرینی ئەمساڵ."
وتیشی، "موقتەدا سەدر و مەسعود بارزانی جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا کردووەتەوە، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامانی وڵات لە عێراق، هەروەها چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆییە هەڵواسراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا وەک ئامادەکارییەک بۆدوای هەڵبژاردنەکان."
لەلاى خۆیەوە نەسار روبێعى سەرۆکى شاندەکەى سەدر وتى، "ئێمە سورین لەسەر بنیاتنانەوەى دەوڵەتى عێراق وسەربەخۆى بڕیارى سیاسى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بەهاوڵاتیان".
ڕوبێعى جەختى لەوەش کردوە کە نابێت لە دەرەوە دەست لە کاروبارى ناوخۆى عێراق وەربدرێت.