ناس کورد-
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، بەرتیلخواردن لە سلێمانی سەریهەڵداوەتەوە و لە فەرمانگەکان جیاوازی چینایەتی لەنێوان هاووڵاتیان و بازرگانان دەکرێت، دەشڵێت، سەردەمی دەرەبەگایەتی و ئاغایەتی لەبەڕێوەبردنی شار چرۆی کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی (سێشەممە 1ی حوزەیرانی 2021) ڕایگەیاند، " ماوەیەکە شاری سلێمانی لە ڕێگەی کۆمەڵێک بازرگان و وەبەرهێنەری پارەخۆر و سیاسی دەست ڕۆیشتوو تەنانەت هەندێک فەرمانگەی حکومی کەوتووەتە بەرلێشاوی داگیرکاری زەوییەکانی و شار بووەتە لانکەی بازرگانی چاوچنۆک و سەرچاوەی هاتنی دەرمان و خواردنی بێ کوالیتی و بەسەرچوو."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەندێک فەرمانگە بووەتە مۆڵگەی بەرتیل خواردن و پەیداکردنی پارەی ناشەرعی و ڕەشۆ خواردن سەری هەڵداوە، لەناوفەرمانگەکان جیاوازی چینایەتی لەنێوان هاوڵاتی و بازرگان و پلەدار دروست بووە."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەوڵەکان بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمی دەرەکی و بێ ئەرزش کردنی بەرهەمی ناوخۆ چڕکراوەتەوە، فرۆشتنی موڵک و مومتەلەکاتی فەرمانگەکان و دەوڵەت بووەتە دیاردە، حساب نەکردن بۆ یاساو ڕێنماییەکان بووە بەئازایەتی و بەگوێ نەکردنی فەرمانگان بۆسەرووی خۆیان بووەتە شانازی، ئەنجامدانی کاری نایاسایی و دەرنەچون لەقسەی گەورەکانیان لە هەندێک فەرمانگە بووەتە زامنی مانەوەیان لەکورسی پۆستەکانیان و سەردەمی دەرەبەگایەتی و ئاغایەتی لەبەڕێوەبردنی شار چرۆی کردووە."
دەشڵێت، " ئێستا سلێمانی بووە شوێنی یەکلاکەرەوەی تەحەداکانی بازرگانە خوێن مژەکان، ئێرە کراوەتە وێستگەی تەحەدای قاچاخ چیەکان، شار پڕبووە لە پڕۆژەی بێ دایک باوک، ویژدان لەم شارە بێ سۆراغە، ڕۆژ ڕۆژی تاڵانی و داگیرکاریە،فەرمانگەکانی شار خەریکە لە حکومەتەوە ئەگۆڕێت بۆ دەسەڵاتی گروپ و ماڤیاگەری."
باسی لەوەشکردووە، "پێویستە دادگاکان جگە لە پشتگیری و هاوکاری کردنیان دەبێت سەربەخۆبکرێن بۆلەناوبردنی گەندەڵکاران و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی هەتادەرکردنی بڕیار و حکومدانیان ."
ڕەمەزان نامیق جەختیشیکردووەتەوە، "پێویستە سنورێک بۆئەم بێ ویژدانی و نادادگەریە دابنرێت و خەریکە لەکۆنتڕۆڵ دەردەچێت،ئەرکی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنە ڕووبەڕوی ئەم هەموو نەهامەتیانە بووەستنەوە،دەبێت خەبات و خزمەتکردن لەبەرژەوەندی حیزبی و شەخسی ببنەنە قۆناغی بەرژەوەنی گشتی ، پێویستە حیزبە دەسەڵاتدارەکان پێداچونەوە بە شێوازی پێگەیاندن و پەروەردەکردنی ئەندامەکانیان بکەن،ئەرکیانە هەڵمەتی لابردن و سزادانی خراپ بەکارهێنانی نوێنەرەکانیان لەحکومەت دەست پێبکەن بەپێچەوانەوە دەبێت چاوەڕێی سزای خوایی بکەن."