گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە و تایبەت

رونکردنەوەى نوێ لەبارەى هۆکارى دواکەوتنى دابەشکردنى موچە دەدرێت

2021.06.01 - 14:30
App store icon Play store icon Play store icon
رونکردنەوەى نوێ لەبارەى هۆکارى دواکەوتنى دابەشکردنى موچە دەدرێت

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دواکەوتنی دابەشکردنی موچە پەیوەندی بەململانێی سیاسی پارتی و یەکێتییەوەیە هەیە، یەکێتی ئەم مانگە کەمتر لەو ڕێژەیەی بۆی دیارکراوە داهاتی سنورەکەی گەڕاندووەتە وەزارەتی دارایی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەکە لەفراکسیۆنی گۆڕان ( 1ی حوزیرانی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ" ناس کورد" ڕایگەیاند "هەموو داهاتە نانەوتییەکان و نەوتییەکان لەژێر چنگی پارتی و یەکێتیدایە، تەنها ئەوان وردەکارییەکانی ئەو بابەتە دەزانن، تووندبوونی ململانێی سیاسی نێوانیان وایکردووە ئەم مانگە موچەی فەرمانبەران دووچاری ئەو قەیرانە ببێتەوە".

 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی وت "بەگوێرەی زانیارییەکان ئەم مانگە یەکێتی کەمتر لەو ڕێژەیەی کە بۆی دیارکراوە داهاتی سنورەکەی ڕادەستی وەزارەتی دارایی کردووە کە 43% یە".

 

بەڵێن ئیسماعیل ئاماژە بەوەشکرد "کێشەکە تائێستادا بەردەوامە ئەو دەنگۆیانەشی کەپێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەرباسی ئەوەیان دەکرد کەپرسەکە چارەسەرکراوە و موچە لە ماوەیەکی کورتدا دابەشدەکرێت دوورن لەڕاستییەوە".

 

لێدوانەکەی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو جوتیارعادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، دواكەوتنی راگەیاندنی لیستی دابەشكردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەكان لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتە  و لە ئیستادا حكومەت كار بۆ ئەوە دەكات و دڵنیاییش دەدات كە لەماوەیەكی كورتدا موچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت.

 

حکومەتى هەرێم ماوەى حەوت رۆژە موچەى چوار وەزارەتى دابەشکردووە و تا کۆتایی ئەم هەفتەیە موچەى وەزارەتێکى دابەشدەکرێت، پێچەوانەى چوار مانگى رابردوو کە لەپێنج رۆژدا موچەى سەرجەم فەرمانبەران دابەشدەکرا.    

  

وەزارەتى دارایی هەرێم تا ئێستا بەفەرمى هۆکارى دواکەوتنى دابەشکردنى موچەى ئایارى فەرمانبەرانى رانەگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانى باڵاى حکومەت لەچەند رۆژى رابردوودا جەختیانکردەوە لەسەر دابەشکردنى موچەى سەرجەم فەرمانبەران.    

  

بەپێی بڕیارى حکومەتى هەرێم، ماوەى چوار مانگ موچەى فەرمانبەران لەنێوان 25-30 ى مانگدا دابەشکرا و هەر 30 رۆژ جارێک موچە دابەشکرا، بەڵام بۆ ئەم مانگە حکومەت گەڕاوەتەوە سەر خشتەکەى پێشوو کە رۆژانە لیستى موچە رادەگەیەنێت.    

  

حکومەتى هەرێم بۆ دابەشکردنى موچە بە لێبڕینى 21% پێویستى بە پێویستی بە 707 ملیار دینارە و بەوتەى بەرپرسانى حکومەت داهاتى ئێستا بەشى ئەوەناکات موچەى تەواوەتى دابەشبکرێت.