گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بزانە لەکوێیە

ڕاپۆرتێكی ئەمریكی شوێنی زیندانیكردنی فەرماندەكەی حەشد ئاشكرا دەكات

2021.05.31 - 20:11
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاپۆرتێكی ئەمریكی شوێنی زیندانیكردنی فەرماندەكەی حەشد ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

پەیمانگای واشنتۆن بڵاویكردەوە، به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كى كارایانه‌ سه‌روه‌رى یاساى سه‌پاند كاتێك قاسم موسڵیح، فەرماندەی لیوای 13ی حەشدی شەعبی تۆمەتبار بە تیرۆركردنی ئیهاب وه‌زنى له‌ 9 ئایار دەستگیرکرد كه‌ یه‌كێك بوو له‌ سه‌ركرده‌كانى خۆپیشاندانه‌كان.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕاپۆرتێكی پەیمانگاكە كە "ناس كورد" بینیویەتی (31 ئایاری 2021) باس لەوە دەكات قاسم موسڵیح، كه‌سایه‌تییه‌كى دیارى نزیك له‌ ئێرانه‌ و له‌ چوارچێوه‌ى هه‌وڵه‌كانى ئه‌و وڵاته‌دا كار ده‌كات بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر سنوورى نێوان عێراق و سوریا له‌ رێگه‌ى میلیشیا عێراقییه‌ بریكاره‌كانه‌وه.

 

هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو، ناوبراو به‌شێوه‌یه‌كى نزیك له‌گه‌ڵ كه‌تیبه‌كانى حیزبوڵا كارده‌كات كه‌ له‌ لیستى تیرۆری ویلایەته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكادایه‌ و دوای ده‌ستگیركردنیشى گوازراوەتەوە بۆ باره‌گایه‌كى سه‌ربازیی عێراقی له‌ (فه‌رمانده‌یی پڕۆسه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ عێراق) كه‌ به ‌شوێنێكى پارێزراو داده‌نرێت له ‌به‌رامبه‌ر میلیشیاكان و باره‌گاى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و هاوپه‌یمانى باكورى ئه‌تڵه‌سیش ده‌كه‌وێته‌ هه‌مان شوێنه‌وه‌.

 

راپۆرتەكەی پەیمانگای واشنتۆن باسی لەوەش كردووە، ئه‌مه‌ریكا هاوكارى زیاترى پێشكه‌ش كرد به‌و هێزانه‌ى كه‌ (ناوچه‌ی سەوز‌) ده‌پارێزن و ئه‌مه‌ش زیاتر هانى به‌غداى دا تا بڕیارى به‌هێزتر بدات و متمانه‌ى واشنتۆن به‌ده‌ست بهێنێت، دواتر هاوكارییه‌كان له‌لایه‌ن هاوبه‌شه‌كانى عێراقه‌وه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، یه‌كێتى ئه‌وروپا و هاوپه‌یمانى باكورى ئه‌تڵه‌سی زیاتر كرا. ئه‌م هاوكارییانه‌ گرنگن و پێویسته‌ به‌رده‌وام بن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى میلیشیاكان به‌رده‌وام رێگه‌ى نوێ ده‌دۆزنه‌وه‌ بۆ سزادانى حكومه‌ت چونكە حكومەت له‌گه‌ڵ سه‌روه‌رى یاسادایه‌.

 

دوێنێ جومعە عیناد، وەزیری بەرگریی عێراق ڕایگەیاند، قاسم موسڵیح، فەرماندەی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبی ڕادەستی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان کراوە و تائێستا ئازاد نەکراوە.

 

جومعە عیناد لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بینیویەتی دەڵێت، "لە ئێستادا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە."

 

وتیشی، "کلتوری قۆڵبادان ڕەت دەکەینەوە و تواناکانی دەوڵەت لە ئێستادا زۆر زیاترە لە ڕژێمی پێشوو لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، هەروەها شتە تاکلایەنەکان دەوڵەت ناترسێنێت."

 

رۆژی چوارشەممەی رابردوو (26 ئایاری 2021) دەستگیرکردنى قاسم موسڵح، فەرماندەی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبی، گروپە میلیشیاکانى سەربە حەشدى شەعبى توڕە کرد، بۆ ئێوارەکەى هەڵیانكوتایە سەر ناوچەى سەوزی بەغدا، پاش ئەوەش هێزێکى زۆرى ئەمنى لە دەروازەکانى ناوچەى سەوز بڵاوەیان پێکرا و لەشەقامەكانی بەغداش گرژی دروست بوو.

 

هەرچەند تۆمەتەكانی قاسم موسڵیح تیرۆرە، بەڵام بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان ناوبراو تۆمەتبارە بە هێرشكردنە سەر بنكەی (عین الأسد) ئەمەریكییەكان و تیرۆركردنی چالاكوانانی خۆپیشاندانی تشرین لەوانەش ئیهاب وەزنی كە لە (9 ئایار) لە سەنتەری كەربەلا كوژرا. بەهۆی ئەوەشەوە ڕۆژی (25 ئایار) خۆپیشاندەرانی باشوری عێراق لە هەموولایەكەوە ڕژانە گۆڕەپانی تەحریر و گۆڕەپانی نسوری بەغدای پایتەخت لەژێر دروشمی "كێ كوشتمی؟" و جموجوڵەكەی خۆشیان ناونا "شۆڕشی ئیهاب وەزنی".

 

هاوکات ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران هەڕەشەی ئەوەیكردووە لە هادی عامری سەرۆكی بەدر ئەگەر چەكدارەكانی حەشد نەچنە دەرەوە، ئەوە لە گوتارێكی تەلەفزیۆنیدا دەستلەكاركێشانەوە ڕادەگەیەنێت و ئۆباڵی هەرەسی دەوڵەتیش دەخاتە ئەستۆی هێزە شیعەكان.

 

ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتیدا (28 ئایاری 2021) ستایشی ئازایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەكات لە دەستبردن بۆ فەرماندەیەكی حەشد و ئازایەتی دەستگیركردنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار و ئەمەش بە "گۆڕانی پەیوەندی حكومەت لەگەڵ حەشد" دەداتە قەڵەم.

 

ئەلعەرەب لەزاری سەرچاوەكانییەوە ئەوەشی ئاشكراكردووە لە شەوی گەمارۆدانی ناوچەی سەوز، مستەفا كازمی بەهادی عامری سەرۆكی بەدری وتووە كە یەكێك لە بەهێزترین میلیشیاكانی ناو حەشدە، ئەگەر هێزە چەكدارەكان لەناو ناوچەی سەوز نەچنە دەرەوە، ئەوا دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش دەكات و ئۆباڵی هەرەسی دەوڵەتیش دەخاتە ئەستۆی هێزە شیعەكان.

 

بەگوێرەی سەرچاوەكانی ئەلعەرەب عامری توشی شۆك بووە لە پێداگریی زۆری كازمی و پێیوا نەبووە دەست بۆ فەرماندەیەكی باڵای حەشد ببات لەچەشنی قاسم موسڵیح، هەروەها بڕوای نەكردووە لەسەر هێشتنەوەی لەزیندان ئەوەندەش بەرگری گوشارەكان بكات.

 

هادی عامری كە سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحی حەشدی شەعبی دەكات لە پاش هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز و بڵاوەكردنی چەكدارەكان، لە لێدوانێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (28 ئایاری 2021) جەختیكردەوە، "ئەوەی دەیەوێت بەهەر پاساوێک شکۆی حەشدی شەعبی بشکێنیت، ئەوەیە کە دەیەوێت شکۆی دەوڵەت بشکێنێت" هەروەها وتیشی "حەشدی شەعبی بە خوێنی خۆی شکۆی دەوڵەتی بونیات ناوە". و باسی لەوەشكرد كە "هەندێك گرتن و ئەشكەنجەدان هەیە ناكرێت هیچ كات ڕازین بین پێی".