ناس کورد-
وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری ڕایگەیاند، حزبەکەى "پارە لە هیچ حیزبێک وەرناگرێت و ئەم ناڕاستیانە بۆ مەرامی تایبەت دەوروژێنرێت."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وتەبێژی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا (31ی ئایاری 2021) دەڵێت، "ئەو زانیاریانەی لە ژمارەیەك لە ماڵپەڕ و سۆشیاڵ میدیا باسکراون، گوایە كۆمەڵی دادگەری لە دەرگای جیاوازەوەو لە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار پارە وەردەگرین، ڕایدەگەیەنین كە ئەو زانیاریانە ناڕاستن و ڕەدی دەكەینەوە."
دەشڵێت، "کۆمەڵی دادگەری سەرچاوەی داھاتی دیارو شەفافە، نە کۆمپانیای ھەیە نە سیاسەتی بۆ بازرگانیە، نە ھیچ سەرچاوەیەکی داھاتی لەبەردەستە تاکو بۆ مەرامی خۆی بەکاریھێنابێ، ئەم جۆرە ناڕاستیانەش بۆ مەرامی تایبەت لەم کاتەدا دەوروژێنرێت."
هاوکات هەر ئەمڕۆ خەلیل ئیبراهیم، وتەبێژی یەکگرتوو لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، "سەبارەت بەو هەواڵەی کە تیایدا هاتووە یەکگرتووی ئیسلامی کورستان مانگانە پارە لە کەسانی حزبی دەسەڵات وەردەگرێت، ئێمە لە یەکگرتوو تایبەت بەو بەشەی خۆمان سەرلەبەری ئەو هەواڵە رەتدەکەینەوە و رایدەگەیەنین کە هیچ بنەمایەکی راستی نییە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بۆیە داواکارین لە دەزگاکانی راگەیاندن بە وردبینانەتر زانیاری بڵاوبکەنەوە و پەنا نەبەنە بەر چەواشەکاری و درستکردنی هەواڵی بێ بنەما."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "یەکگرتوو مافی یاسایی خۆی دەپارێزێت بۆ تۆمار کردنی سکاڵا لەسەر ئەم جۆرە هەواڵە هەڵبەستراوانە."