گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى کشتوکاڵ ڕێگرییەکان لە لیژنەى لێکۆڵینەوە لە بڕینەوەى دارەکانی بادینان ئاشکرادەکات

2021.05.31 - 17:21
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتى کشتوکاڵ ڕێگرییەکان لە لیژنەى لێکۆڵینەوە لە بڕینەوەى دارەکانی بادینان ئاشکرادەکات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوە ئاوییەکانی هەرێم ڕایگەیاند، لیژنەیان بۆ لێکۆڵینەوە لە بڕینەوەى دارى دارستانەکانی بادینان لەلایەن تورکیاوە پێکهێناوە، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی ناوچەکەوە لایەنە ئەمنییەکان ڕێگری لە ئەنجامدانی کارەکەیان دەکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتەکە (31ی ئایاری 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، "پرۆسەی داربڕینەوەی داراستانەکانی ناوچەکانی زاخۆ و ئامێدی لە ساڵی 2018ەوە لەلایەن تورکیاوە دەستی پێکردووە، ئێمە زانیاریمان لەسەر ئەو بابەتە هەبووە و ئەنجومەنی وەزیرانیشمان لە ساڵی 2019ەوە بەنوسراوێکی فەرمی ئاگادارکردووەتەوە".

 

وتیشی، "لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ بابەتەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی پارێزگای دهۆکەوە پێکهێنراوە، بەڵام لایەنە ئەمنییەکان بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی ناوچەکە ڕێگریان لە ئەنجامدانی کارەکەیان کردووە".

me_ga.php?id=3933

لەبارەی ئەو ڕووبەرەی کە لە ئێستادا زیانی پێگەیشتووە، وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی وتی، "هیچ نەخشەیەکی ئەو ناوچەیەمان لا نییە و تائێستا بە تەواوەتی نەزانراوە ڕوبەرەکەی چەندە".

 

لەگەڵ چڕبوونەوەى شەڕى نێوان تورکیا و پەکەکە، تورکیا دەستیکردووە بە سوتان و بڕینەوەى دارى دارستانەکانى بادینان، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى لێکەوتووەتەوە.

 

بەگوێرەی چەند وێنەیەک کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، تورکیا لە سێ شوێنی باکوری کوردستانەوە لە سنوری ئامێدی و زاخۆ دەستی بە کردنەوەی سێ رێگە کردووەتەوە و زیاتر لە ساڵێکیشە دارستانەکانی بەرزاییەکان دەبڕن و دارەکانیان دەبەن و دەیانفرۆشن.

 

ئەحمەد محەمەد، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم (دووشەممە 31ی ئایاری 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئێمە بەهەموو شێوەیەک دژی ئەو کارەین و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕێنماییەکانی ئێمە یەک ناگرێتەوە."



وتیشی، "بۆ ئەو مەبەستە لیژنە پێکهاتووە، بەڵام بەهۆی ئەو ناوچەیە قەدەغەکراوە و شەڕی تێدایە و سوپای تورکیای لێیە، بۆیە لیژنەکە ناتوانن بچنە ناوچەکە و بەدواداچوونی تەواو بۆ بابەتەکە بکەن."



بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2008، بڕینەوە و سوتاندن و لەناوبردنی دارستان و سەوزاییەکانی ناوچە سنورییەکانی قەدەغەیە، بەهەمانشێوە یاسای ژمارەی 10ی ساڵی 2012ی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەو کارەی قەدەغە کردووە.

me_ga.php?id=3934

وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم دەڵێت "مادەی 33 لە دەستوری عێراقیش باسی لەوەکردووە کە پاراستنی ژینگە و سامانە سروشتییەکان ئەرکی دەوڵەتە، بۆیە بەشێکیش لەو ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق."



جگە لە بڕینەوەی دارەکان، بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێرانەوە زەرەر و زیانێکی زۆر بەر دارستان و سەوزاییەکانی هەرێم گەیشتووە.



وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم باسی لەوەکرد، لە 10 ساڵی ڕابردوودا یەک ملیۆن و 30 هەزار دۆنم دارستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لە هەرێم سوتاوە کە %35ی بەهۆی تۆپبارانەکانی تورکیا بە پلەی یەکەم و بەشێکیشی بەهۆی ئێرانەوە بووە کە دەکاتە نزیکەی 350 هەزار دۆنم.



"ئەوە زەرەر و زیانێکی زۆری لە هەرێمی کوردستان داوە، چونکە دارستانەکان وەک سییەکانی هەر وڵاتێک وایە و بە بڕینەوەی دارێک کاریگەریی دەکاتەسەر کەمبوونەوەی ئۆکسجین و پیسبوونی هەوا."، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێم وا دەڵێت.



جەختیشیکردەوە، "بەرپرسیارێتی پاراستنی دارستانەکان و هەبوونی هەڵوێست دەکەوێتەسەر حکومەتی هەرێم و عێراقیش و ئەو پرسە زیاتر پرسێکی سیاسییە و پێویستە چارەسەر بکرێت و کۆتایی پێبهێنرێت."