گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوچەى سەوزایى لەپاشەکشەى بەردەوامدایە

کشتوکاڵى عێراق: بەبیابان بوون گەیشتووەتە نیوەى ڕووبەرى وڵات

2021.05.31 - 13:58
App store icon Play store icon Play store icon
کشتوکاڵى عێراق: بەبیابان بوون گەیشتووەتە نیوەى ڕووبەرى وڵات

ناس کورد- 

وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق ڕایگەیاند، نزیکەى 50%ى ڕووبەرى وڵات بەدەست کێشەى بەبیابان بوونەوە دەناڵێت و چەند ناوچەیەکى شارى بەغداش بەهۆى کەمى سەوزایی و نالەبارى کەشوهەواکەى بەتایبەت لاى ناوچەى ڕەسافە شیاوى نیشتەجێ بوون نەماوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حەمید نایف، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق (31ى ئایارى 2021) بەڕۆژنامەى سەباحى فەرمى ڕاگەیاند، نزیکەى 20 بۆ 30% لەڕوبەرى گشتى وڵات بەپلەى جیاجیا بەرەو بەبیابان بوون دەچێت.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، بەرەنگاربوونەوەى بەبیابان بوون لەڕێگەى برەودان بەکشتوکاڵ و چاندنى پشتێنەى سەوز پێویستى بەپارەیەکى زۆر و پلانێکى نیشتیمانى و ستراتیژى ڕوونى دەوێت و لەئێستاشدا وەزارەت دەرماڵەى پێویستى بۆ ئەوە لەبەردەستدا نییە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، بارودۆخى شارى بەغدا بەهۆى کەمى سەوزاییەوە بۆ نیشتەجێ بوون شیاو نییە، بەتایبەتى لەناوچەى ڕەسافە کەشوهەوایەکى لەبارى نییە.

 

نایف هۆکارى زۆربوونى کێشەى بەبیابان بوون بۆ کەمى ئاو و بارانبارین و گلدانەوەى گەرمى دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت، بەبیابان بوون و گەردەلولى خۆڵین کاریگەرى لەزۆربەى پارێزگاکان کردووە بەتایبەت پارێزگاکانى خورئاواى وڵات بەو پێیەى زیاتر بەهۆى ڕووبەرێکى زیاترى بیابانەوە ڕووى لەو ناوچانەیە.

 

لەبارەى ژمارەى مێرگ و زۆنگەکانەوە بەتایبەت لەناوچە دوورە دەستەکانەوە ئەو بەرپرسە باڵایەى وەزارەتى كشتوكاڵ باسى لەوەش کرد، ژمارەیان دەگاتە 45 و زۆربەیان دەکەونە سنورى پارێزگاى ئەنبارەوە، ئەوەش پاڵپشتیەکە بۆ هەلى کار و داهاتێکى ئابوورى بەڵام لەساڵانى ڕابردوودا لەلایەن داعشەوە زیانى زۆریان پێگەیەنراوە و لەئێستادا نزیکەى 20 یان ماونەتەوە.

 

وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق ئەوەشى خستووەتە ڕوو، وەزارەتەکەیان لەساڵى 2005ەوە پڕۆژەى گرنگیدان و گەشەدانى بەزۆرنگ و مێرگەکان بەڕووبەرى 200 بۆ 800 دۆنمداوە و جۆرەها دارو نزیکەى 7 ملیۆن شەتڵى تیادا ڕواندووە کەبەرگەى سەختى ئاو و هەوا دەگرن و بوونەتە پشتێنەیەکى سەوزایى.