گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

بەدواداچوون؛ داوای کارتی بایۆمەتری و وێنەی ژن و منداڵ لە پێشمەرگە دەکرێت

2021.05.31 - 11:03
App store icon Play store icon Play store icon
بەدواداچوون؛ داوای کارتی بایۆمەتری و وێنەی ژن و منداڵ لە پێشمەرگە دەکرێت

ناس کورد-

بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگە کۆپیی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان و وێنەی پێشمەرگە و ژن و منداڵەکانیان لێ وەرگیراوە و ترسی ئەوەیان هەیە بە کارت و وێنەکان دەنگ بدرێت، وتەبێژی هێزەکانی 70 ئەوە پشتڕاسدەکاتەوە، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە بۆ ئەو مەبەستە بێت، بەرپرسێکی کۆمسیۆنیش دەڵێت، بەهیچ شێوەیەک بەوشێوەیە دەنگ نادرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە چەند پێشمەرگەیەکی یەکەکانی 70ی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەماوەی ڕابردوودا لەلایەن کارگێڕیی فەوجەکانیانەوە، داوای وێنەیەک لە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانی خۆیان و هاوسەر و منداڵەکانیان لەگەڵ وێنەی هەریەکێکیاندا ببەن وەک ڕێکارێکی ئیداری.

 

پێشمەرگەیەک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە "ناس کورد"ی وت، "هەر یەکێک لە ئێمە وێنەیەکی کارتی بایۆمەتری خۆمان، هاوسەرمان و ئەو منداڵانەمان کە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن لەگەڵ یەکی وێنەیەکدا بردووە بۆ ئیدارەی فەوجەکانمان، بەڵام نازانین بۆچ مەبەستێکە."

 

وتیشی، "ئێمە خۆمان پێشمەرگەین، نازانین وێنە و کاتی بایۆمەتری ژن و یاخود منداڵەکانمانیان بۆچییە، ترسی ئەوەشمان هەیە بەوشێوەیە بەو وێنانە بەڕێگەی ساخستە دەنگی پێبدەن."

 

ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی یەکەکانی 70، ئەوەی بۆ "ناس کورد" پشتڕاست کردەوە کە ئەو پێداویستیانە لە پێشمەرگە وەرگیراوە و بە رێکارێکی ئیداری خۆیان ناوبرد.

 

وتەبێژی یەکەکانی 70 بە "ناس کورد"ی وت، "ئەوە شتێکی ڕوونە کە بە کۆپیی کارتی بایۆمەتری دەنگ نادرێت، تا بەوە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا بکرێت، چونکە دەنگدان پێویستی بە کارتی ئەسڵی بایۆمەتری و هەروەها پەنجەمۆریشە."

 

وتیشی، "ئەوە ڕێکارێکی ئیداری خۆمانە و تەنها دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە ئەو کەسانە و خێزانەکانیان کارتی بایۆمەتریان دەرکردووە یاخود نوێیان کردووەتەوە، چونکە هەڵبژاردنی عێراق چارەنوسسازە بۆ کورد و پرسێکی نیشتیمانییە، تەنانەت زۆرجار لەسەر ئەوە ئاماری دانیشتووان وەردەگیریت."

 

جەختیشیکردەوە، "ئێمە هیچ پەیوەندیمان بەوەوە نییە کە ئەو کەسانە دەنگ دەدەن یاخود نا، یاخود دەنگ بە کێ دەدەن، تەنها دەمانەوێت دڵنیابین کە کارتەکەیان هەیە."

 

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لە 10ی تشرینی یەکەم بەشێوەی ئەلکترۆنی بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆن دەڵیت، بەهیچ شێوەیەک بەبێ پەنجەمۆر ناتوانرێت دەنگ بدرێت.

 

ئامانج عەزیز، لێپرسراوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق - لقی سلێمانی بە "بە ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئێمە بەرپرسین لە دەرکردن و پێدانی کارتی بایۆمەتری بە هاووڵاتیان، دواتر ئەو کارتە یاخود کۆپییەکی لەلایەن هەرشوێنێکەوە لەو کەسە وەردەگیرێت، پەیوەندی بە ئێمەوە نییە."

 

وتیشی، "بەگوێرەی یاساکانیش بۆ دەنگدان جگە لەوەی هاووڵاتی پێویستە کارتی بایۆمەتری و ناسنامەی خۆی پێبێت، دەنگدان بەشێوەی ئەلکترۆنی و پەنجەمۆرە و هیچ کەسێک ناتوانێت لە جێگەی کەسێکی دیکە دەنگ بدات، بۆیە بە کۆپیی کارتەکە و وێنەیەک ناتوانرێت دەنگ بدرێت."