ناس کورد- هەڤاڵ غالب
ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی هەڵدانى نارنجۆکێک بۆ ناو ماڵەکەى لە ناحیەی شۆڕش سەربە قەزاى چەمچەماڵ ژنێک گیانی لەدەستدا و دایکیشی برینداربوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕەمەک ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ بە ناس کوردی ڕاگەیاند "کاتژمێر ٧:٤٥ی ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڕەکی قادرکەرەمیەکانی ناحیەی شۆڕش نارنجۆک هەڵدراوەتە ماڵێکەوە و بەهۆیەوە ژنێک بەناوی ئامینە حسن فرج تەمەن ٥٤ ساڵ کە کەس وکاری ئەنفالە و بە وتەی کەس و کاری وەک شایەتحاڵ بەشداری دادگایکردنى سەدامی کردووە گیانی لەدەستداوە".
وتیشی "هەر بەهۆی ئەو ڕووداوەوە دایکی ئامینەش کە ناوی زەینەب محمد شەریفە و تەمەنی ٧٦ ساڵە برینداربووە، ئەو ماڵە تەنها ئەو دوو ئافرەتەن و هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کەس نەبووە ".
سەرۆکی لیژنەی ئەمنی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشکرد تائێستا کەس دەستگیر نەکراوە و هێزە ئەمنیەکان لێکۆڵینەوەیان لەڕووداوەکە دەستپێکردووە و بکەرانی ڕووداوەکە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.