ناس کورد-
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر دەرئەنجامى لیژنەى لێکۆڵینەوەکەى لەڕوداوى وەرگرتنى پارە لە گەشتیارێکى پێشمەرگەى کەمئەندام ئاشکرا کرد و دەشڵێت، کۆمپانیایەک سزادراوە و پارەکەش بۆ گەشتیارەکە دەگەڕێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ یەکشەممە (30ى ئایارى 2021)، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەرى کارگێڕیی فرۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، "دواى ئەوەى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەمان لە ڕووداوى وەرگرتنى پارە لەلایەن کۆمپانیاى فلاى ئەربیلەوە دروست کرد، دەرئەنجامەکە ئەوەبوو کە دەبوو گەشتیارەکە لەکاتى کڕینى پلیتى فڕۆکەى گەشتکردن، داواى خزمەتگوزارى هاریکارى بکردایە چونکە ئەو پێشمەرگەیە خاوەن پێداویستى تایبەت بووە بۆیە کە لەحاڵەتى داوانەکردنى ئەو خزمەتگوزارییە کە هاتە فڕۆکەخانە ئەوا کۆمپانیاى خزمەتگوزارى ڕادەسپێردرێت ئەو کارەبکات".
وتیشى "کۆمپانیاکە ئەو کارەى کرد ئەوا داواى گوژمەیەکى پارەى لێدەکرێت بەڵام گەشتیار نابێت ئەو پارە بدات بەڵکو دەبێت هێڵى ئاسمانى ئەو گوژمەیە بدات بەڵام بریکارى کۆمپانیاکە گەشتیارەکەى ناچار کردووە کە ئەو گوژمەیە پارەیە بدات کە 150 دۆلارە بۆیە لیژنەکە بڕیاریدا غەرامەى کۆمپانیاکە بدات بە دوو هەزار و 500 دۆلار و بەڵێننامەشى لێوەدەگیردرێت کە حاڵەتى لەو شێوەیە دووبارە نەکاتەوە".
بەڕێوەبەرى کارگێڕى فڕۆکەخانەى نێو دەوڵەتى هەولێر دەشڵێت، "خاڵێکى تر ئەوەیە کە ئەو کۆمپانیایە ناچار بکرێت بڕى ئەو پارەیەى لەو گەشتیارەى وەرگرتووە بۆى بگەڕێنێتەوە وەکو فڕۆکەخانەش بەدواداچوون دەکەین و لەپەیوەندیدیشدا دەبین لەگەڵ گەشتیارەکە تا مافەکانى خۆى وەردەگرێتەوە".
دوێنێ شەممە ، کامەران مەحمود کە پێشمەرگەی کۆنە و هەرچوار پەلی لەکارکەوتوون لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" (29ی ئایاری 2021) ڕایگەیاند، ڕۆژی 22ی ئایاری 2021، لە کاتی گەڕانەوەی لە کوردستانەوە بۆ ئەڵمانیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بڕی 150 دۆلاریان لێ وەرگرتووە و وەکو خۆی دەڵێت "پارەکەم قەرز کردووە".
کامەران مەحمود وتیشی، "دووجاری کە گەشتم کردووە ئەو پارەیان لێ وەرنەگرتووم، کاتێکیش گەیشتمەوە ئەڵمانیا بەوپەڕی ڕێزەوە دوو کارمەندی فڕۆکەخانەکە هاتن بە دەنگمەوە و گەیاندمیانەوەی شوێنی خۆم بەڵام لەکاتی گەڕانەوەم لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن دوو کەس کە خەڵکی کوردستان نەبوون داوای پارەیان لێکردم و ئەو پارەیان لێ وەرگرتم کە منیش پارەکەم قەرز کردو دواتر گەیاندمیانە ناو فڕۆکەکە و ئەو دوو کەسەش هاوکارییان کردم دوو کەسی ڕەش پێست بوون و خستمیانە ناو ئۆتۆمبێلێک و دواتر گەیاندمیانە ناو فڕۆکەکە".
باسی لەوەشکرد، لەکاتی بڕینی تکتی گەڕانەوەی ئەوەشیان پێ نەوتووە پێویستە ئەو بڕە پارەیە بدات و لە کاتێکدا ویستویەتی بچێتە ناو فڕۆکەکە داوای پارەکەیان کردووە.
لەبەرانبەردا حەمید ڕەزا، بەڕێوەبەری مارکێتین لە کۆمپانیای فلای ئەربیل بۆ "ناس کورد" وتی، "ئەو فڕۆکانەی فڕۆکەی کۆمپانیای تایبەتن، بۆ هەر شێتێکی زیادە یاخود هەر شتێکی دیکە بڕە پارەیەک وەردەگرن و وەرگرتنی ئەو پارەیەش دەبوو پیشتر ئەو کەسە ئاگادار بکرایەتەوە لە وەرگرتنی پارەکە."
باسی لەوەشکرد، ئەوەی پارەکە وەردەگرێت لە کۆمپانیایەکی دیکەیە بۆ ئەو ئۆتۆمبێلەیە کە کەسەکە دەگەیەنێتە ناو فرۆکەکە، بەڵام هەندێک کۆمپانیا هەیە لەکاتی بڕینی تکتەکە پارەی زیادە وەردەگرن و دواتر ئەو پارەیە وەرناگرن یاخود لە فڕۆکەی حکومی ئەو پارە نییە، بەڵام بۆ فڕۆکەکانی کەرتی تایبەت ئەو پارەیە وەردەگیرێت و تەنها لەوشوێنەی گەشتی لێوە دەکەیت و دواتر لەکاتی دابەزین هیچ پارەیەک وەرناگیرێت.
لە میانی بەدواداچوونەکەی "ناس کورد" لەسەر ئەو پرسە، ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر وتی، "حاڵەتێکی ئاساییە بڕیک پارە بدرێتە ئەو کەسەی هاوکاری کەسێک دەکات لەکاتی شتێکی پێویست بەڵام پێدانی 150 دۆلار ڕێگە پێدراو نییەو بەدواداچوون دەکەین".
ئەوەشی وت، "ئەو ئۆتۆمبێلەی لەو حاڵەتانەدا بەکاردەهێنرێت هی فڕۆکەخانەکەیە و پەیوەندی بە کەرتی تایبەتەوە نییە، بەڵام لەکاتی بوونی شتی زیادە بڕە پارەیەکی ڕەمزی وەردەگیرێت بۆ ئەو کەسانەی کارەکە دەکەن".
لەسەر داواکاری ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر "ناس کورد" تکتی وەرگرتنی 150 دۆلارەکەی کە لە کامەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت وەرگیرابوو گەیاندە بەڕێوەبەری فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و، ئەحمەد هۆشیار جەختی لەوەکردەوە، بەدواداچوونی پێویست دەکات.