ناس کورد-
پارێزەرێکی سزادراوانی بادینان ڕایگەیاند، نازانن دۆخی سزادراوان و دەستگیرکراوان چۆنە و تەنانەت لە جەژنیشدا ڕێگە نەدراوە کەسوکاریان ببینن، دەشڵێت، لەئێستادا دۆسییەکە لەبەردەم دادوەرانی دادگای پێداچوونەوەدایە و چاوەڕوانی بڕیاری ئەوانن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەدوای پەسەندکردنی سزای سزادراوانی بادینان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، پارێزەرانی سزادراوان تانەیان لە بڕیارەکە دا و بڕیاردرا بە گەڕاندنەوەی دۆسییەکە بۆ دادگای پێداچوونەوە.
بەشدار حەسەن، یەکێک لە پارێزەری سزادراوانی بادینان (یەکشەممە 30ی ئایاری 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لەئێستادا دۆسییەکە لەبەردەم دادوەرانی دادگای پێداچوونەوەدایە و هیچ بەرەوپێشچوونێک ڕووینەداوە لەوەی سزاکە هەڵبوەشێتەوە، تەنها چاوەڕوانی بڕیاری نوێی دادگای پێداچوونەوەین."
وتیشی، فشارێکی زۆری ناوخۆی و دەرەکی کراوە و هیوادارن دادگای پێداچوونەوە سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە.
لەبارەی دۆخی سزادراوان و دەستگیرکراوان، ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەکرد، "هیچ شتێک لەبارەیانەوە نازانین و ڕێگە نادەن نە ئێمە نە کەسوکاریان بیانبینن، تەنانەت جەژنیش ڕێگەیان نەدا کەسوکاریان بچنە سەردانیان."
باسی لەوەشکرد، "پێش جەژن کەسوکاریان کەمتر لە 30 چرکە گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون، تەنها ئەوەندەی سڵاویان لە یەکتر کردووە و تەلەفۆنەکایان لێسەندراوە."
بەشدار حەسەن جەختیشیکردەوە، ئەو مامەڵەیە بە هەموو شێوەیەک پێچەوانەی یاسایە و هەرکەسێک بە هەر تۆمەتێک دەستگیر کرابێت، نابێت ڕێگای بینینی لێبگیرێت.
هاوکات باسی لەبارەی دۆسیەی مامۆستا بەدەل بەرواری و سزادراوانی دیکە، ئاماژەی بەوەکرد، لە مانگی بەرواری 9ی 7 و 12ی 7 بەشێکیان دادگایی دەکرێن، لە مانگی 8-یش مامۆستا بەدەل بەرواری دادگایی دەکرێت.