گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لە بەغداوە هەنگاوەکان دژ بە حکومەتی هەرێم دەستیانپێکرد

پێشنیار دەکرێت راستەوخۆ حکومەتی عێراق خۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات [تایبەت]

2019.06.15 - 21:04
پێشنیار دەکرێت راستەوخۆ حکومەتی عێراق خۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات [تایبەت]
ناس کورد- لە بەغداوە هەنگاوەکان دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر مووچەی فەوتاوی سێ مانگی فەرمانبەران و ڕادەست نەکردنی 250 هەزار بەرمیلی نەوتی ڕۆژانە پێیاننایە قۆناغێکی ترەوە، پەرلەمانتارانی کوردیش هۆشداری دەدەنە بەرپرسانی هەرێم لە دووبارە بڕینی قوتو مووچەی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە. . بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ (شەممە)ی پەرلەمانی عێراقدا، ئەو ڕاسپاردەیەی لیژنەی دارایی کە تایبەتە بە ئەنجامەکانی بانگێهێشتی وەزیری دارایی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ بخرێتە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی فراوان درا کە ئەندامانی چوار لیژنە لە خۆ دەگرێت بۆ ئەو بابەتە و هەروەها بابەتی ئەو سکاڵایەی کە عێراق تۆماری کردوە لەسەر تورکیا. . ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ناس کورد ئەو مەترسییانەی خستەڕوو کە دژ بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنرێن لە بەغداو وتی:"لەڕێگەی یاداشتەوە هەریەک لە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستانم لەو هەوڵانەی دەدرێن ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەبوو". . لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو سکاڵایەی کە عێراق لەسەر تورکیا تۆماری کردووە، ئەحمەد حاجی رەشید روونیکردەوە، سکاڵاکە نزیک بە 70 لاپەڕەیەو لەبارەی چوار گرێبەستی نەوتییە کە عێراق لەگەڵ تورکیا ئەنجامیداوە و تورکیا ڕێککەوتنەکانی پێشێلکردووە، هەربۆیە تورکیاش دەیەوێت بابەتەکە بخاتە سەر هەرێمی کوردستان و لەسەر خۆی لایدات. . غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، بە ناس کورد-ی وت "بە بڕیاری سەرۆکی پەرلەمان دۆسیەی مووچە فەوتاوەکانی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕادەست نەکردنی نەوت بە کۆمپانیای سۆمۆ لەلایەن هەرێم و سکاڵاکان بە لیژنەیەکی فراوان سپێردراوە و لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت". . ئەو پەرلەمانتارە کە پێشتر لە دادگای فیدراڵی سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمار کرد لەسەر ئەو مووچە فەوتاوانەی فەرمانبەرانی هەرێم، باسی لەوەشکرد، وەزیری دارایی بەرپرسە لە دیارنەمانی ئەو پارەیە لە هەرێم و پێویستە ئاگاداری ئەوە بێت چۆن خەرج دەکرێت. . بەدووریشیزانی لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو، بودجەی هەرێم دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر بێتو بەرپرسانی هەرێم بەزوویی نەیەنەسەر خەت و وەڵامی ڕاپۆرتەکانی پەرلەمانی عێراق نەدەنەوە. . ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو (13ی حوزەیرانی 2019) سێ پەرلەمانتاری کورد لە فراکسیۆنە جیاوازەکان سەردانی دادگای فیدراڵییان کرد لە بەغدا بۆ بەدواداچوونی کەیسی سکاڵای وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم و لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە کۆبوونەوە. . بابەتى پەیوەندیدار: ناس کورد ناوەڕۆکى میوانداریکردنى فوئاد حسێن لەلایەن لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراقەوە ئاشکرا دەکات (بەڵگەنامە)
. ئەو ڕاپۆرتەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە بڕیاربوو ئەمڕۆ (شەممە) بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکەوە، شەش ڕاسپاردەی لەخۆگرتووە کە دەبێت سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی ناچار بکات پابەند بێ بەبڕگەی (ج) لەمادەی 10ی بوودجەی عێراق. . لە بڕگەی (ج)ی مادەی 10ی بوودجەی گشتی عێراقدا هاتووە، ئەگەر حکومەتی هەرێم بەگوێرەی ئەو رێککەوتنەی کە لە گەڵ بەغدا هەیەتی، بڕی 250 هەزار نەوتی رۆژانەی رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ نەکرد، ئەوا مانگانە 522 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە، دەنێردرێت. . یەکێک لەو ڕاسپاردانەش ئەوەیە کە دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق رێوشوێنی یاسایی دژی ئەو کۆمپانیایانە بگرێتەبەر کە نەوتی ھەرێم بەبێ رەزامەندی حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق دەکڕن، هەروەها وەزارەتی دارایی دەبێت حکومەتی ھەرێم پابەند بکات کەسەرجەم میلاکی فەرمانبەرانی ھەرێم بەمەدەنی و عەسکەری رادەستی وەزارەتی دارایی بکات، دوا بەرواریش بۆ ئەو پڕۆسەیە رۆژی 6/30 واتە کۆتایی ئەم مانگەی داناوە، بۆ ئەوەی ھەر فەرمانبەرێک ببێتە خاوەنی ژمارەی خۆی لەلیستی فەرمانبەرانی عێراق. . لە ڕاسپاردەیەکی تریشدا هاتووە کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەبێت حکومەتی ھەرێم ناچار بکات ئەو مووچانەی مانگانە ناوەند بۆ ھەرێمی دەنێرێت، بگاتە دەستی فەرمانبەران، نەک ئەو مووچانە لەشتی تر خەرج بکات، ئەگەر هەرێم پابەندی ئەو کارە نەبوو دەبێت حکومەتی ناوەند خۆی راستەوخۆ مووچەکان بداتە فەرمانبەرانی ھەرێم. . یەکێکیتر لە ڕاسپاردەکانی کۆنووسەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، داوای ئەوە دەکات پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز لە وەرزی داھاتووی پەرلەمان و ئەگەر بێتو عادل عەبدولمەهدی و فوئاد حوسێن لەم ماوەیەدا، ئەو ڕێوشوێنانە نەگرنەبەر، ھەڵمەتی کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی دەگیرێتەبەر. . کۆنووسى میوانداریکردنى فوئاد حسێن، وەزیرى دارایى عێراق لەلایەن لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق و راسپاردەى لیژنەکە بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا: