گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لیژنەى دارایى لە بارەى ناردنى مووچە بۆ هەرێم چییان بە وەزیرى دارایى عێراق وت؟

ناس کورد ناوەڕۆکى میوانداریکردنى فوئاد حسێن لەلایەن لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراقەوە ئاشکرا دەکات (بەڵگەنامە)

2019.06.15 - 19:59
App store icon Play store icon Play store icon

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد- دوور لە چاوى میدیاکان،  لە رۆژى (21ى ئایارى 2019) فوئاد حسێن، وەزیرى دارایى عێراق و بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ، لەلایەن لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراقەوە میواندارى کران. . (ناس کورد) لە سەرچاوەیەک لە لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراقەوە زانیوویەتى "کۆبوونەوەکە لەبارەى چۆنیەتى فڕۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان و ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بووە لە کاتێکدایە هەرێم پابەند نەبووە بە رێککەوتنەکەى لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە رادەستکردنى برى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بە سۆمۆ". . سەرچاوەکە روونیکردەوە، لە میواندارییەکەدا تاوتوێى بڕگەى (ج) لە مادەى 10ى یاساى بودجەى عێراق کراوە کە بە گوێرەى مادەکە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم و هێزەکانى پێشمەرگە بۆ هەرێمى کوردستان زامن کراوە بەو مەرجەى هەرێمى کوردستان بڕى 250 هەزار بەرمیل نەوتى خۆى رۆژانە رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات. . بەگوێرەى سەرچاوەکە، فوئاد حسێن، وەزیرى دارایى عێراق ئاماژەى بەوە  کردووە لەچوارچێوەى بودجەى ٢٠١٨ى عێراق و وەک بەشە بودجەى هەرێم مانگانە 317 ملیار دینار نێردراوە بۆ هەرێم و جەختى لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لەو ساڵەدا بڕى 2 تریلیۆن و 477 ملیار دینار بۆ هەرێم نێردراوە. . هاوکات وەزیرى دارایى عێراق، جەختى کردۆتەوە کە لە ساڵی 2019 گۆژمەی بودجەی ساڵانەی ھەرێم لە بودجەی عێراق لە 2 ترلیۆن و 477 ملیار دینار لەساڵی 2018 بۆ ساڵی 2019 بۆ 5 ترلیۆن و 44 ملیار دینار بەرزكراوەتەوە. . سەرچاوەکەى (ناس کورد) ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆى ناردنى ئەو بڕە پارانە بۆ هەرێم و رادەستنەکردنى نەوتى هەرێم بە بەغدا و دابەشنەکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە لە کاتێکدا پارەکانیان لە بەغداوە نێردراوە، دەمەبۆڵە و مشتومڕێکى زۆرى دروستکردووە لە نێوان پەرلەمانتارانى عەرەب لە لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق و فوئاد حسێن، وەزیرى دارایى عێراق. . بەگوێرەى گرتە ڤیدیۆییەکیش کە دەست (ناس کورد) کەوتووە، لە میواندارییەکەدا هودا سجاد پەرلەمانتارى عێراق رەخنە لە فوئاد حسێن، وەزیرى دارایى عێراق دەگرێت کە چۆن پارە بۆ هەرێمى کوردستان دەنێرێت لەکاتێکدا هەرێم پابەندى رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا نیین. . لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، هودا سجاد بە فوئاد حسێن دەڵێت " تۆ وەزیری دارایی عیراقیت نەك وەزیری دارایی ھەرێمى کوردستان". . هۆشدارى ئەوەشیدەداتێ کە بە گوتەى خۆى "بە تەخشان و پەخشانى پارەى عێراق بەو جۆرە قبوڵ نابن".     .