ناس کورد-
جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ڕەتی دەکاتەوە ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکەیدا کرابێت و دەڵێت، "نە بە شێوەی زارەکی و نە بە هیچ نوسراوێک ئاگادار نەکراوینتەوە لە بوونی ئاڵوگۆڕ لە پۆستەکەدا."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پێشتر لە چەند میدیایەک وا بڵاوکرایەوە کە یەکێتی ئاڵوگۆڕی لەو پۆستەدا کردووە و ڕێباز بیرکۆتی خستووەتە شوێنەکەى، بەڵام ئەمڕۆ شەممە، 29ی ئایاری 2021، جەبار یاوەر ڕایگەیاند، "ئێمە هەتاوەکو ئێستا بە فەرمی ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەین، نە بە شێوەی زارەکی و نە بە هیچ نوسراوێک نەگەیشتووەتە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستی ئەمینداری گشتیی و ئێمەش بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین هەتاوەکو ئەو ڕۆژەی نوسراوی فەرمی لەوبارەیەوە دەگاتە وەزارەتی پێشمەرگە."
دەشڵێت، "بەڕێز ڕێباز بیرکۆتی پیاوێکی ماندونەناس و تێکۆشەری دێرین و هاوڕێ و هەڤاڵ وبرایەکی خۆشەویستی بەندەیە، بە قەد شاخی قەندیل لای من گەورەیە و ڕێزی هەیە، هەر ڕۆژێک بە فەرمی ئەرکی ئەمینداری گشتیی پێ سپێردرا، من لە خزمەتیدا دەبم."
دەشڵێت، "بۆ زانینی هەموولایەک بەندە لە ساڵی 1976ەوە وەکو ئەندامی یەکێتی بەردەوامم و لە ساڵی 1970ەوە وەکو پێشمەرگەیەک بەبێ دابران کار دەکەم، هەروەها لە ساڵی 1992ەوە لە لیستی یەکەم وەجبەی قائیمقامەکانی یەکەم کابینەی حکومەت لە قەزای کفری کارم کردووە."