ناس کورد-
بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانى سلێمانى ڕایگەیاند، بەرزبونەوەى نرخى دۆلار و گرانبوونى عەلەف دوو هۆکارى سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەى نرخى مریشک و جەخت دەکاتەوە کە "ئاسان نییە لەئێستادا گۆڕانکارى ڕووبدات".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ شەممە، 29ی ئایاری 2021، نرخی یەک کیلۆ مریشک بە سێ هەزار و 500 دینار فرۆشراوە.
سۆران عەبدولغەفور بەرزنجى، بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانى سلێمانى (29ى ئایارى 2021) بە "ناس کوردى" ڕاگەیاند، "لە ماوەکانى ڕابردوودا زۆربەى کێڵگەى پەلەوەرییەکان دووچارى زیانێکى زۆر بوونەتەوە و قەرزارى بازاڕەکانن، بەشێکیشیان ئێستا کارناکەن و هەروەها بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەى گەرماوە ژمارەیەکى زۆر ئەو مریشکانە بەرەو خوارووى عێراق دەبرێن".
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، یەکێکى تر لە هۆکارەکانى بەرزبوونەوەى نرخەکەى بەرزبونەوەى نرخى دۆلارە کە لەگەڵیدا نرخى پێداویستیەکانى مریشکیک لەوانە سۆیا و عەلەف و سوتەمەنى بەرزبووەتەوە.
بەرزنجى باسى لەوەش کرد، بەرزبوونەوەى نرخى جوجکەش بارگرانییەکی تری دروستکردووە و بەشێوەیەکى گشتى بەرزبونەوەى نرخى دۆلار و عەلەف بووەتە هۆى گرانبوونى نرخى مریشک لەئێستادا.
بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانى سلێمانى بەدووریشى زانى لەئێستادا نرخەکەى ئاڵۆگۆڕى بەسەردا بێت کە بەوتەى ئەو لەئێستادا کیلۆیەک مریشک نزیکەى دوو هەزار و 750 دینار لەسەر خاوەن کێڵگەکان دەکەوێت و بەو دۆخەشەوە ئاسان نییە گۆڕانکارى لە نرخەکەدا دروست بێت.