ناس کورد-
وەزیرى تەندروستیی ڤێتنام ڕایگەیاند، نەوەیەکى ترى ڤایرۆسى کۆرۆنایان ئاشکرا کردووە کە ڕەگوڕیشەکەى دەچێتەوە سەر نەوەى ڤایرۆسە هیندى و بەریتانیەکەی کە پێشتر دۆزرانەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕۆژنامەى "VnExpress" لەسەر زارى نگوین سانەلۆنگى، وەزیرى تەندروستیی ڤێتنامەوە (29ى ئایارى 2021) بڵاوى کردەوە، بەپێى ئەنجامى شیکارى بۆ ژەنەتیکى ڤایرۆسى ژمارەیەک لە توشبووانى پەتاکە دوو جۆرى ترى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەیەک کاتتدا ئاشکرا کراوە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، تێبینى ئەوە دەکرێت نەوەى ڤایرۆسە ڤێتنامیەکەى کۆڤید-19 بەئاسانى زیاتر لەڕێگەى هەواوە بگوازرێتەوە و کوشندەتریشە.
دەشڵێـت، لە ئایندەیەکى نزیکدا وردەکارى لەسەر نەوەى ڤایرۆسە نوێیەکە بەتەواوەتى ئاشکرا دەکەن.
لە لایەکی ترەوە، هانس کلوگ، بەڕێوەبەری لقی ئەوروپای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی هۆشداری دا لەوەى تاوەکو 70٪ی دانیشتوانی جیهان نەکوترێن بە ڤاکسین، پەتای کۆرۆنا کۆتایی نایەت.
هانس کلوگ بە ئاژانسی هەواڵی فرانسی پرێسی (AFP)ی وت، پەتاکە کاتێک کۆتایی دێت کە بە لایەنی کەمەوە 70%ی خەڵکی بکوترێن، بەڵام ڕێژەی کوتان و هەروەها بەرگریی لەش بۆ ڤایرۆسەکە لە ئەوروپا "زۆر خاوە"، چونکە تووشبوون بە جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسەکە نیگەرانی زیاتر دەکات.
هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بەرزی ئاستی بڵاوبوونەوەى و گواستنەوەى جۆری نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا و وتی، "ئێمە دەزانین کە جۆری هیندی ڤایرۆسەکە توندتر و کوشندەتر لە جۆری بەریتانی ڤایرۆسەکە، هەروەها ئەویش لە جۆری سەرەتای ڤایرۆسەکە خراپتر بوو، بۆیە جەخت دەکەینەوە جەختی کردەوە کە کوتان بە ڤاکسین کاریگەرن بەرامبەر بە ڤێرژنە نوێیەکانی ڤایرۆسەکە."