ناس کورد-
هەواڵگرى ئەمریکا دانینا بەوەدا کە ئاژانسەکانیان بەسەر دوو بیردۆزدا دابەش بوون سەبارەت بە سەرچاوەى دەرکەوتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا، یەکیان دەرکەوتنى سروشتییە و ئەوى تریان کەوتنەوەى ڕووداوێکە لە تاقیگەى شارى ووهانى چین.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسى ڕۆیتەر ڕۆژى پێنجشەممە (27ى ئایارى 2021) بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەرى نوسینگەى هەواڵگرى نیشتمانى ئەمریکى ئاماژەى بەوەداوە، کە بە تەواوەتى نازانن کەى و چۆن ڤایرۆسى کۆرۆنا گواستراوەتەوە سەرەتا، بەڵام تەرکیزیان لەسەر دوو ئەگەرە.
ڕونیشیکردووەتەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە لە ڕێگەى پەیوەندى ئاژەڵ و مرۆڤەوە بووە و دووەمیشیان ئەوەیە کە بەهۆى ڕووداوێکەوە بووە لە تاقیگەى ڤایرۆسەکان لە شارى ووهانى چین، زۆرینەش پێیان وایە کە زانیارى تەواو نییە بۆ هەڵسەنگاندنى یەکێک لە ئەگەرەکان.
بەڕێوەبەرى نوسینگەى هەواڵگرى نیشتمانى ئەوەى دیارى نەکردووە کام لەو 17 ئاژانسەى هەواڵگرى کۆمەڵگەى هەواڵگرى ئەمریکى پێیان وایە کە بەهۆى بەرکەوتنى مرۆڤ و ئاژەڵەوە گواستراوەتەوە و کام ئاژانسانەش پێیان وایە لە تاقیگەوە دزەى کردووە.
ڕۆیتەرز جەختیلەوەشکردووەتەوە، بەرپرسانى دەزگا هەواڵگرییەکانى ئەمریکا ڕەتیدەکەنەوە بۆچوونى خۆیان لەو بارەیەوە ئاشکرا بکەن، بەڵام جەختیان لەوەکردووەتەوە کە زۆرینەى دەزگا هەواڵگرییەکان پێیان وایە کە زانیارى تەواو لەسەر هیچ یەکێک لە ئەگەرکان بەردەست نییە.
ڕۆژى پێشەممەش جۆ بایدن سەرۆکى ولایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ماوەى 90 ڕۆژى دایە دەزگا هەواڵگرییەکانى وڵاتەکەى تا ڕاپۆرتێکى لەسەر هۆکارى دەرکەوتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا پێشکەش بکەن.