گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

راگەیەنراوێک لە حەشدى شەعبییەوە لەبارەى فەرماندە دەستگیرکراوەکەى

2021.05.28 - 13:19
App store icon Play store icon Play store icon
راگەیەنراوێک لە حەشدى شەعبییەوە لەبارەى فەرماندە دەستگیرکراوەکەى

ناس کورد-

 

دەستەى حەشدى شەعبى رەتیدەکاتەوە هیچ بەیاننامەیەکى فەرمى دەرکردبێت لەبارەى دۆسیەى قاسم موسڵیحەوە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى دەستەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، حەشدى شەعبى هیچ بەیاننامەیەکى لەو بارەیەوە بڵاونەکردوەتەوە، ئەوەى لەو بارەیەوە بڵاوکراوەتەوە ساختەیە.

 

داواشى لە دەزگاکانى راگەیاندن کردووە مامەڵە لەگەڵ بەیانە فەرمییەکانى بکەن کە لەرێگەى پێگەى فەرمى حەشدەوە بڵاودەکرێتەوە.

 

رۆژى  چوارشەممە (26 ئایاری 2021) دەستگیرکردنى قاسم موسڵح فەرماندەی میحوەری ئەنباری حەشدی شەعبی، گروپە میلیشیاکانى سەربە حەشدى شەعبى توڕە کرد و هەڵیانكوتایە سەر ناوچەى سەوزی بەغدا، پاش ئەوەش هێزێکى زۆرى ئەمنى لە دەروازەکانى ناوچەى سەوز بڵاوەیان پێکرا و لەشەقامەكانی بەغداش گرژی دروست بوو.  

 

رۆژنامەی ئەلعەرەبی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران هەڕەشەی ئەوەیكردووە لە هادی عامری سەرۆكی بەدر ئەگەر چەكدارەكانی حەشد نەچنە دەرەوە، ئەوە لەگوتارێكی تەلەفزیۆنیدا دەستلەكاركێشانەوە ڕادەگەیەنێت و ئۆباڵی هەرەسی دەوڵەتیش دەخاتە ئەستۆی هێزە شیعەكان.   

 

 ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتی ئەمڕۆیدا (28 ئایاری 2021) ستایشی ئازایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران دەكات لە دەستبردن بۆ فەرماندەیەكی حەشد و ئازایەتی دەستگیركردنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار و ئەمەش بە "گۆڕانی پەیوەندی حكومەت لەگەڵ حەشد" دەداتە قەڵەم.   

  

ئەلعەرەب لەزاری سەرچاوەكانییەوە ئەوەشی ئاشكراكردووە لە شەوی گەمارۆدانی ناوچەی سەوز، مستەفا كازمی بەهادی عامری سەرۆكی بەدری وتووە كە یەكێك لە بەهێزترین میلیشیاكانی ناو حەشدە، ئەگەر هێزە چەكدارەكان لەناو ناوچەی سەوز نەچنە دەرەوە، ئەوا دەستلەكاركێشانەوە پێشكەش دەكات و ئۆباڵی هەرەسی دەوڵەتیش دەخاتە ئەستۆی هێزە شیعەكان.  

  

بەگوێرەی سەرچاوەكانی ئەلعەرەب عامری توشی شۆك بووە لە پێداگریی زۆری كازمی و پێیوا نەبووە دەست بۆ فەرماندەیەكی باڵای حەشد ببات لەچەشنی قاسم موسڵیح، هەروەها بڕوای نەكردووە لەسەر هێشتنەوەی لەزیندان ئەوەندەش بەرگری گوشارەكان بكات.  

  

هادی عامری كە سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحی حەشدی شەعبی دەكات لە پاش هەڵكوتانە سەر ناوچەی سەوز و بڵاوەكردنی چەكدارەكان، لە لێدوانێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (28 ئایاری 2021) جەختیكردەوە، "ئەوەی دەیەوێت بەهەر پاساوێک شکۆی حەشدی شەعبی بشکێنیت، ئەوەیە کە دەیەوێت شکۆی دەوڵەت بشکێنێت" هەروەها وتیشی "حەشدی شەعبی بە خوێنی خۆی شکۆی دەوڵەتی بونیات ناوە". و باسی لەوەشكرد كە "هەندێك گرتن و ئەشكەنجەدان هەیە ناكرێت هیچ كات ڕازین بین پێی".   

  

لەلایەكیترەوە، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن بڵاویكردەوە (28 ئایاری 2021) گوشارە سەربازییەكانی سەر مستەفا كازمی سەركەوتوو نەبوون لە ناچاركردنی بە ئازادكردنی تۆمەتبارەكەی حەشد یان لانیكەم رادەستكردنی بە دەزگای ئاسایشی دەستەی حەشدی شەعبی. بەگوێرەی زانیارییەكانی كەناڵی ئەلحوڕەی ئەلحوڕەی ئەمەریكیش قاسم موسڵیح هەر لە زیندان ماوەتەوە.   

  

هەرچەند تۆمەتەكانی قاسم موسڵیح، تیرۆرە، بەڵام بەپێی زانیارییە دزەپێكراوەكان  ناوبراو تۆمەتبارە بە هێرشكردنە سەر بنكەی (عین الأسد) ئەمەریكییەكان و تیرۆركردنی چالاكوانانی خۆپیشاندانی تشرین لەوانەش ئیهاب وەزنی كە لە (9 ئایار) لە سەنتەری كەربەلا كوژرا. بەهۆی ئەوەشەوە ڕۆژی (25 ئایار) خۆپیشاندەرانی باشوری عێراق لە هەموولایەكەوە ڕژانە گۆڕەپانی تەحریر و گۆڕەپانی نسوری بەغدای پایتەخت لەژێر دروشمی "كێ كوشتمی؟" و جموجوڵەكەی خۆشیان ناونا "شۆڕشی ئیهاب وەزنی".    

  

قاسم موسڵیح، كە پێشتر و لەسەردەمی شەڕی داعش فەرماندەی لیوایەكی سەر بەعەتەبەكانی مەرجەعیەتی نەجەف بووە "الطفوف" كە بە "حەشدی مەرجەعیەت" دەناسرێت، دواتر پەیوەندی كردووە حەشدی وەلائی سەر بەئێران، لەگەڵ براكەیدا (عەلی موسڵیح) تۆمەتبارن بە سەركوتكردنی ناڕازییەكان و گەندەڵی دارایی و سەرانە وەرگرتن، لەم میانەیەشدا دایكی ئیهاب وەزنی، لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت، قاسم موسڵیح هەڕەشەی توندی لە كوڕەكەی كردووە "ئەگەر یەك رۆژیشم مابێت لە ژیاندا هەر دەتكوژم".  

  

 ئەحمەد ئەلیاسری كە چاودێرێكی سیاسییە لە شیكارێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی باس لەوە دەكات، موسڵیح لەم ساڵانەی دوایی و لەسەر دەستی قاسم سلێمانی، بووەتە جێگە متمانەی سوپای پاسداران و سەرپەرشتیكردنی دۆسیەی ئەمنی میحوەری ئەنباری پێ سپێردراوە كە عێراق و ئێران دەبەستێتەوە بە سوریا و مۆڵگەی پێشووی ڕێكخراوەكانی ئەلقاعیدە و داعش بووە، هەر ئەمەش قاسم موسڵیح كردووەتە یەكێك لە بڕواپێكراوترین لێپرسراوەكانی ناو حەشدی شەعبی و كەسایەتییەكی كاریگەر لە دەستەی حەشدی شەعبی.