ناس کورد-
هەژێن ساڵح، ئەو گەنجە سەیدسادقیەی لە ڕێگەی کۆچکردنی بۆ ئەوروپا و لە ڕووداوێکدا لە تورکیا گیانی لەدەستدا، لە دوایین پۆستیدا پێش کۆچی دوایی کردنی نوسیویەتی، " خـودا، تـاوانـی ئێـمە چـیـە لەم ھـەرێمـەدا لـەدایــکبـووین."، لە پۆستێکی دیکەشدا دەڵێت، "پێناسەی نیشتیمان چی لە بێکاریم و لە بێزاریم و لە دڵتەنگیم ئەگۆڕێت؟".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دوای ئەوەی لە 7ی نیسانی ئەمساڵ هەژێن ساڵح و چەند گەنجێکی دیکەی سەیدسادق، شارەکە جێدەهێڵن و بەمەبەستی گەیشتنی یەکێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان دەچنە تورکیا.
دوای مانەوە بۆماوەی چەند مانگێک لە تورکیا دەمێننەوە و لە ڕۆژی 25ی ئەم مانگە بە پاسێک دەیانەوێت بەرەو سنورەکانی یۆنان بڕۆن، بەڵام پاسەکە توشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبێت و هەژێن گیانی لەدەستدا.
هەژێن ساڵح، لە دوایین پۆستیدا لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی لە 8ی 12ی 2021، نوسیویەتی، " خـودا، تـاوانـی ئێـمە چـیـە، لەم ھـەرێمـەدا لـەدایــکبـووین."
هەژێن کە یەکێک بوو لە خوێندکارە یەکەمەکانی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانکۆی سلێمانی، لە پۆستێکی دیکەیدا لە ساڵی 2019، نوسیویەتی، " تـۆ نیـشتیـمان مـن پێناسـەی تۆ بخمـە گـیرفـانمـەوە یـان نەیخـەم، چـی لە بێـکاریم و لە بـێزاریـم و لـە دڵتـەنگیـم ئەگۆڕێت، چـی؟."
پۆستەکانی هەژێنی لەدایکبووی ساڵی 1997، دەری دەخەن، یەکێک بووە لەو گەنجانەی لە دۆخی ژیانی بێزار بووە، لە پۆستێکدا لە ساڵی 2017 نوسیویەتی، " ئەمەوێت بەسەر ھەموو مردوەکاندا بگەرێم، لای ھەموان بنوشتێمەوە و بلێم، ھیچتان لەدەست نەداوە، ژیان زور لەوە تاریکترە کە ئێوە ئەتانەوێ بیبینەوە."
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان سەدان هەزاران گەنج بەمەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا هەرێمی کوردستان جێدەهێڵن و ژمارەیەکی زۆریش بە ڕووداوی جیاواز لەو ڕێگەیەدا گیان لەدەستدەدەن.