گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

وردەکاریى دەستکاریکردنى دەرماڵەى فەرمانبەران لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە 

2021.05.26 - 22:16
App store icon Play store icon Play store icon
وردەکاریى دەستکاریکردنى دەرماڵەى فەرمانبەران لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە 

ناس کورد-

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆى ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی پێنجەم لە یاسای چاکسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان کراوە لە بەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان و ئەندامێکی لیژنەی دارایش زانیاری لەو بارەیەوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئەوانەی جێگیرن دەرماڵەی بڕوانامە، هاوسەرگیریى و منداڵە.  

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەڵێن ئیسماعیل ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان (26ی ئایاری 2021)لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد"  ڕایگەیاند،  بەپێی مادەی 5 لە یاسای چاکسازی دەسەڵات دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران پێداچوونەوە بە سەرجەم دەرماڵەی فەرمانبەران بکات و ئەو دەرماڵەنەش جێگیرە و دەستکاری ناکرێت دەرماڵەی هاوسەرگیری، منداڵ و دەرماڵەی بڕوانامەیە.

 

باسی لەوەشکرد، پێداچوونەوەی دەرماڵەکان بە جۆرێکە بۆ کەسانی شایستە بێت بۆ نمونە دەرماڵەی مەترسی لەوەزارەتی کارەبا بۆ ئەو کەسانە دەبێت کە ڕاستەوخۆ کار لەگەڵ تەزووی کارەبا دەکەن و ئەوانە جیا دەکرێنەوە لەگەڵ کەسێک هەر لە وەزارەتی کارەبایە و لەبەردەم کۆمپیوتەرێک دانیشتووە، جگە لەوە ئەو دەرماڵە 150 هەزارییەی دەدرێتە مامۆستایان بۆ ئەو مامۆستایانە دەبێت کە وانە دەڵێنەوە نەک ئەوانەی لە ناو پەروەردەکان دەوام دەکەن و 150 هەزاری وانە وتنەوەش وەردەگرن.

 

ئاشکراشی کرد، دەسەڵاتی تەواو دراوەتە ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێداچوونەوەی دەرماڵەکان بەڵام ئێمە وەکو لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان چاودێری پێداچوونەوەی دەرماڵەکان دەکەین و ڕێگری لە کەمکردنەوەی دەرماڵەی فەرمانبەرانی شایستە دەکەین.

 

ڕاشیگەیاند، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان دەرماڵەی مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی دیکە هەیە، ئەمە جگە لە جیاوازی دەرماڵەی پەرلەمانتار و بەڕێوەبەری گشتی و ...هتد ئەوانەش سەرجەمیان ڕێکدەخرێنەوە.

 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە، بە پێداچوونەوەی دەرماڵەکان داهاتێکی زۆر بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە و بەوەش ماف دەدرێتە ئەو فەرمانبەرانە حەقی وەرگرتنی دەرماڵەکەی هەیە.

 

بەپێی راگەیەنراوێکى حکومەتى هەرێم کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەکۆبوونەوەى ئەمڕۆدا گفتوگۆ دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی پێنجەم لە یاسای چاکسازی ژمارە ( 2 ) ی ساڵی 2020 تایبەت بە ڕێکخستنەوەی دەرماڵەکان کرا لە بەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان.  

 

جەختیشیکراوەتەوە، پێویستە خەرجکردنی دەڕماڵەی ئەوانەی شایستەن پارێزراو بێت و دادپەروەریی ھەبێت لە خەرجکردنی دەڕماڵەکان و جێگیر بکرێت بۆ ئەوانەی کە شایستەن بە پێی یاسا بەرکارەکان.