گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

مستەفا کازمى لەبارەى روداوەکانى ئەمڕۆى بەغدا راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە

2021.05.26 - 21:22
App store icon Play store icon Play store icon
مستەفا کازمى لەبارەى روداوەکانى ئەمڕۆى بەغدا  راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە

ناس کورد- 

مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عێراق و فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى رووداوەکانى ئەمڕۆى شارى بەغدا بڵاوکردەوە. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق (26ی ئایاری 2021) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد "ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنی یاداشتێکی یاسایی دەستگیرکردنی کەسێکی تاوانبار بەماددەی چواری تیرۆریان جێبەجێ کردووە" .

 

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو تاوانبارە تائێستا لەلایەن فەرماندەیی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانەوە دەستبەسەرە تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی ئەو کەسە کراوە کۆتاییان دێت".

 

کازمی ئاماژەی بەوەشکرد "لیژنەیەکی هاوبەش لەو بارەیەوە پێکهێنراوە، نمایشی سەربازی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە سەرپێچییەکی مەترسیدار و گەورەی  یاسا و دەستوری عێراقە، بۆیە فەرمانمان کردووە بەپەلە لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکاریانە بکرێت".

 

کازمی لەڕاگەیەندراوەکەدا دواشی کرد "پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیی و وڵات نەکرێت بە قوربانی سەرکێشی هیچ کەس و لایەنێک و دەبێت لەم کاتە مێژووییەدا هەموو لایەنەکان بەپرسیارێتی ئەم دۆخە بگرنە ئەستۆ و بەرژەوەندی وڵات و نیشتیمان پێش بخەن.

 

ئەمڕۆ (26ی ئایاری 2021) سەرچاوەیەک لەحکومەتی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەش کەپێکهاتووە لە دەزگاکانیی هەواڵگریی سەربازی، ناوخۆ، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان وحەشدی شەعبی لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە دەکەن کەئاراستەی دەستگیرکراو قاسم مەحمود موسلح کراوە.

 

سەرچاوەکە جەختی لەوەشکردەوە "بەپێی ڕێکارە سەربازییەکان و یاساییەکان، لێکۆڵینەوە لەگەڵ تاوانباری دەستگیرکراو قاسم مەحمود موسلح دەکرێت، فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەکانیی حەشدی شەعبی لەپارێزگای ئەنبار".

 

هەر ئەمڕۆ( 26ی ئایاری 2021) شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، قاسم مەحمود کەریم، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لەپارێزگای ئەنبار بەگوێرەی یاداشتێکی فەرمیی داداگا وماددەی چواری تیرۆردەستگیر کراوە.

 

شانەکە لەڕاگەیەندرواێکدا کە وێنەیەکی دەست" ناس کورد" کەوتووە، بڵاویکردەوە،" لەسەر ڕۆشنایی یاداشتێکی داداگا کە لە 21ی ئایاری 2021 دا دەرچووە و پەپێی ماددەی چواری تیرۆر،هێزێکی ئەمنیی بەربەیانی ئەمڕۆ تاوانبار قاسم مەحمود کەریم موسلیح، فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنەکانیی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار دەستگیرکردووە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە،"لە ئێستادا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش  لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانە دەکات کە ئاراستەی تاوانبارەکە کراوە".

 

شانەکە جەختیی لەوەشکردووەتەوە،" هەموو دەزگا ئەمنییەکان لەژێررکێف وکۆنتڕۆڵی  فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکاندایە، ئۆپڕاسۆنەکەش لەدژی هیچ لایەنێک وکەسێدا ئەنجامنەدراوە وهێزە ئەمنییەکان نییەتی ئەوەیان نییە هیچ لایەنێک بکەن بە ئامانج". 

 

لای خۆشییەوە  نێردەی تایبەتی ئەمینداریی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی حکومەتی کرد لە ناوچەی سەوز و ڕایگەیاند، هەموو دۆسێیەکی دەستگیرکردن دەبێت بەپێی ڕێکاریی یاسایی خۆی هەنگاو بنێت، بۆ هیچ کەس نییە بە نمایشی سەربازی پرسەکان یەکلایی بکاتەوە.

 

جینین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی ئەمینداریی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (26ی ئایاری 2021) لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند "هەموو دۆسێیەکی دەستگیرکردن دەبێت بەپێی ڕێکاریی یاسایی خۆی هەنگاو بنێت بۆ هیچ کەس نییە بە نمایشی سەربازی پرسەکان یەکلایی بکاتەوە".

 

وتیشی"نابێت هیچ کەس و لایەنێک هەوڵ بدات پرسەکان لەڕێگەی  نمایشی سەربازییەوە یەکلایی بکاتەوە، ئەو ڕەفتارانە دەوڵەتی عێراق لاواز دەکات و هاوڵاتیانی عێراق زیاتر بڕوایان بەحکومەت و دامەزارەکانی نابێت، کەس لەسەرووی یاساوە نییە".

 

 قسەکانی پلاسخارات لەکاتێکدایە کە ئێوارەی ئەمڕۆ( چوارشەممە) گروپە چەکدارەکان بەپۆشاکی ڕەشەوە و لەنزیک پەرژینەکان و دەرگاکانیی ناوچەی سەوز بڵاوەیانکرد ئەوەش دوای ئەوەی کە ئەمڕۆ هێزێکی ئەمنیی سەربە حکومەت، قاسم مەحمود موسلح، فەرماندەی ئۆپراسۆنەکانیی حەشدی شەعبیان لەپارێزگای ئەنبار بەتۆمەتی تیرۆر دەستگیرکرد.